ئەمریكا رێڕەوێكی دەریایی بە ڕووی ئێراندا داخست
دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری سەپاندی سزای بەسەر ئێران خستە واری جێبەجێكردن, ئەمڕۆ هۆشداری دایە هەموو ئەو وڵاتانەی رێگا بە كەشتییە نەوتییەكانی ئێران دەدەن بچنە بەندەر و سنووری دەریاكانیانەوە, گوتی هەمان سزای ئێرانیان لە دژ جێبەجێدەكەین.
بریان هوك، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ سیاسەتی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی مامەڵەی نەوت لەگەڵ ئێراندا رایگەیاند: “ئەگەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێرانی پەیوەندی كرد بە بەندەرەكانتانەوە یاخود بە رێگا ئاوییەكانی ئێوەدا تێپەڕین، ئەوا ئەمە دەبێتە مەترسییەكی گەورە بۆتان”.
كۆمپانیاكانی دڵنیایی دەریایی لەدوای سەپاندنی سزاكانی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە ئێستا كار لەگەڵ ئێران ناكەن، بەمەش ئێران ناچارە روو لە كۆمپانیاكانی دڵنیایی وڵاتەكەی خۆی بكات، كە لەمەش سەركەوتوو نابێت چونكە نرخی سەرپێچی و رووداوی دەریاكان پێویستی بە ملیارەها دۆلارە و كۆمپانیا ناوخۆكانی ئێران ناتوانن بچنە ژێرباری.
ئەمەش وایكردووە واشنتن هەڕەشە لە هەرلایەك بكات كە بیەوێت ئەركی دابینكردنی دڵنیایی كەشتییەكانی ئێران بخاتە ئەستۆی خۆی.
بریان هووك بە روونی دەڵێت: “روودوای رژانی نەوت و پێكدادان پارەیەكی زۆری دەوێت. لە نۆكەندی سوێسەوە بۆ دەربەندی مالاكا بە هەموو خاڵەكانی پشكنینی نێوانیان بەرپرسیار دەبن لەهەر رووداوێكی كەشتییە نەوتییەكانی ئێران”.
لەبارەی كوژاندنەوەی ئامێری دەستنیشانكردنی شوێن لەلایەن كەشتییەكانی ئێران، بریان دەڵێت، ئەو تاكتیكە ئاسایشی دەریا تێكدەدات، ئەگەری هەیە كارەساتی سروشتی و دارایی گەورەی لێبكەوێتەوە.
ئێستا كە ئەمەریكا هەندێك رێگای لە ئێران گرتووە تاكو نەوتەكەی بفرۆشێت، تاران بەدوای رێگای دیكەوەیە تاكو بتوانێت قەرەبوو بكاتەوە، بەڵام واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا هەموو رێگاكان بە ڕووی كۆماری ئیسلامی ئێراندا دابخات.