دەولەت باخچەلی: ئەمریكا هەوڵی دورستكردنی دەوڵەتی كوردستانی گەورە دەدات
دوای ئەوەی ئەمریكا خەلاتی 12 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاشكراكردنی شوێنی سێ سەركردەی پەكەكە تەرخانكرد, دەولەت باخچەلی سەرۆكی گشتی پارتی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) ئاشكرای دەكات، كە هەوڵێك هەیە بۆ دامەزراندنی كوردستانی گەورە و بە (ئیسرائیلی گەورەی نوێ)ش وەسفی دەكات.
دەولەت باخچەلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاندوە، واشنتۆن خەڵاتی بۆ دۆزینەوەی بەرپرسانی پەكەكە داناوە، لەكاتێكدا خودی ئەمریكا ناونیشانی هەر سێ بەرپرسەكە زۆر باشتر دەزانێت و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن قۆڵبەستیان بكەن.
دەشڵێت “وادەزانن بە درێژایی سنورەكانی باشورمان بەناو كوردستانی گەورە (ئیسرائیلی گەورەی نوێ)، دادەمەزرێنن، بەڵام توركیا و گەلی توركیا هەرگیز رێگا و مۆڵەت بەو ناپاكییە نادات”.
باخچەلی لە درێژەی تویتەكەیدا نوسیوێتی “ئیتر لەمەودوا ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە، ئەمریكا چۆن و بە چی شێوازێك پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا دەبەستێتەوە. بە پێداگرییەوە چاودێری ئەمە دەكەین، بەڵام نیازی ئەمریكا شتێكی دیكەیە و سیناریۆیەكی دیكەی هەیە”.