بەرەڤان حەمدی: موچهی شههیدان و زیندانیانی سیاسی ههرێم هاوتای شەهیدان و زیندانیانی عێراق دەكرێت
دوای ئەوەی شاندێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد, بە مەبەستی هاوتاكردنی مووچەی شەهیدان, بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم باس لەوەدەكات لە قۆناغی یەكەمدا موچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هەرێم دەخرێتە سەر حكومەتی فیدراڵ و لە قۆناغی دووەمدا هاوتای هاوشانەكانیان لە عیراق دەكرێت.
بەرەڤان حەمدی بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بە سەردانی شاندێكی وەزارەتەكەیان بۆ بەغدا، بە مەبەستی هاوتاكردنی موچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ عیراق وتی: ئامانجی سەردانی شاندەكەیان بۆ بەغدا ئەوەیە كە بە پێی مادەی 132 ی دەستوری عیراق و بڕیاری 26 ی ساڵی 2018 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كار لەسەر ئەوە بكرێت كە بودجەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان، كە بریتیە لە موچە و مینحەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە دابین بكرێت.
هەروەها گوتیشی: پێدەچێت رێككەوتنێكی پێشوەخت لەنێوان هەر دوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و عیراق هاتبێتەئاراوە لەسەرئەوەی جگە لەو 317 ملیار دینارەی مانگانە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، ئەو شایستە داراییانەی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هەرێمیش بخرێتەسەر حكومەتی عیراقی، بۆیە قۆناغی یەكەم ناردنی لیستەكان بووە، ئەنجامی كۆبوونەوەكانی شاندی وەزارەتەكەیان لە بەغدا لەسەر ئەو بابەتە ئەرێنی بووە.
بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم رونیشیكردەوە: بە ئومێدی ئەوەن پاش ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە لەچوارچێوەی بودجەی 2019 بدرێت، لە قۆناغی یەكەمدا ئەو بودجەیەی ئێستا بۆ وەزارەتەكەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تەرخان كراوە، لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دابین بكرێت، بۆ قۆناغی دووەمیش دەكرێت، لە رووی یاسایی و لە رووی رێنمایی و هاوتاكردنەوە كاری لەسەر بكرێت، چونكە هاوتاكردنەكە پێویستی بە رێكاری یاسایی پێویست هەیە، لەبەرئەوەی جیاوازی لە نێوان یاساكەی هەرێم و یاسای حكومەتی فیدراڵ هەیە.
سەبارەت بە جیاوازیەكانیش بەرەڤان حەمدی گوتی: پلەبەندی شەهید لەلای ئێمە جۆرێكە و لەلای ئەوان جۆرێكی ترە، تۆماركردنی شەهید لەلای بەغدا لەماوەیەكی دیاریكراوە واتە لەنێوان 1963 بۆ 2003 یە، بەڵام لەلای ئێمە لە 1961 و پێش ئەو ساڵەشە كە شۆڕشی ئەیلول دەستیپێكردوە، تا 2003 و تا ئێستاشە كە شەهیدانی شەڕی داعش تۆماركراون، ئەوان یاسای تیرۆریان هەیە بۆ شەهیدانی هاووڵاتی، بەڵام لە هەرێم شەهیدانی هاووڵاتی لە چوارچێوەی وەزارەتی كاروباری شەهیدانن، ئەمە جیا لەوەی لە یاسای زیندانیانی سیاسیش جیاوازیمان هەیە، لە ماف و ئیمتیازاتەكاندا، بۆیە چاوەڕوان دەكەین ئەمە پێویستی بەوە بێت یان هەمواری یاسا بكرێت، یان پڕۆژەیاسایەكی گشتگیر لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان تێپەڕێنرێت، یانیش بە پێی رێنمایی و سیستەمێكی نوێ موچەكانیان هاوتا بكرێت، ئەمەش كاتێكی زیاتری دەوێت.