بە پێی پێشبینیەکان ناتانیاهۆ جارێکی دیکە دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل
لەگەڵ نزیكبوبونەوەی هەڵبژاردنی پارلەمان لە ئیسرائیل جموجوڵی پێشوەختەی كاراكتەرە سیاسیەكان بەڕونی دەركەوتن و پارتی لیكۆد ی دەسەڵاتدار بە سەرۆكایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرەڕای هێرشی فراوانی میدیاو هێزە ڕكابەرە سەرسەختەكانی وەك پارتی كادیما و عش عبید ،ئەمجارەش دەتوانێت بە جیاوازیەكی زۆر ڕكابەرەكانی بەجێ بهێڵێت،لە ڕاپرسیەكی تایبەت بە هەڵبژاردنی داهاتوو كە پڕۆفیسۆر كمێڵ فۆكس سەرپەرشتی كردووەو لە كەناڵی دەی ئیسرائیل بڵاوكرایەوە ئاماژە بەوە دەكات پارتی لیكۆد زۆربەی كورسیەكانی پارلەمان دەباتەوە.
ئەوەش پێچەوانەی ئەو دەنگۆ میدیاییانە بوو كە پێیان وابوو لە ئەنجامی بەردەوامیدان بە سیاسەتی دروست كردنی یەكەی نیشتەجێبون پارتی دەسەڵاتدار پاشەكشە دەكات چونكە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی دابڕانی ئیسرائیل لە دنیای دەرەوە بەو پێیەی ئەو سیاسەتە لای دەوڵەتانی عەرەبی و ئەوروپی بە نا عادیلانەو قبوڵنەكراو ناوبرا،بەڵام ناتانیاهۆ بە ڕەفتار وەڵامی هەموو ئەوانەی دایەوەو لە بری دانیشتن بەدیار ئەو هێرش و لێدوانانە لە ڕوی دبلۆماسیەوە كۆمەڵێك هەنگاوی هاویشت كە چاوەڕوان نەكراو بوون،بینینی ناتانیاهۆ لە تەنیشتی ترەمپ ودیداری لەگەڵ تێریزا مەی، پۆتین،ماكرۆن و مێركڵ لە لایەك و پتەو كردنی پەیوەندیەكانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە گشتی و سعودیە،قەتەر و عومان لە لایەكی دیكە ، سەلمێنەری سەركەوتن و دروستی جوڵە وردو دبلۆماسیەكانی ناتانیاهۆن،ئەو لە سیاسەتی دەرەوە بە ئەندازەیەك سەركەوتنی بە دەست هێنا كە ڕەنگدانەوەی تۆخی لەسەر سیاسەتی نأوخۆ دروست كردوو ئەو میدیایانەی كە دژە ئاڕاستەی بوون ناچاری كردن كە لەبەردەم تواناكانیدا پێچەوانەی پێشوو لە بری دژایەتی كردن سەركەوتنی پێشوەختەی ڕابگەیەنن.
ناتانیاهۆ پەیوەندیەكانی لەگەڵ سعودیە بە ئەندازەیەك بەهێزە چاوەڕێ دەكرێت لە ئایندە ئەو دوو وڵاتە لەڕێگەی هێڵی شەمەندەفەر پێكەوە ببەسرێنەوە،هاوكات پێشوازی كردن لە ناتانیاهۆ لە عومان و دانیشتنی لەگەڵ سوڵتان هەموو ئەو دەنگۆو گریمانانەی پێچەوانە کردەوە کە پێیان وابوو ناتانیاهۆ بە سیاسەتی بەردەوامیدان بە دروستکردنی یەکەی نێشتەجێبوون ئیسرائیل توشی دابڕان لە دونیای دەرەوە دەکات،کە ڕاستیەکەی پێچەوانەی ئەو ڕایە لە سایەی ئەو سیاسەتەدا ئیسرائیل نەک دابڕاو نەبوو لەدنیای دەرەوە بگرە چەندین پەیوەندی گرنگ و کرانەوەی چاوەڕوان نەکراوی بەدوادا هات،ئەو سەرکەوتنەی ناتانیاهۆ لە بواری دیبلۆماسیش بۆ دوو فاکتۆر دەگەڕێتەوە.
ـ ڕاستگۆیی ناتانیاهۆ لە بەردەوامیدان بە سیاسەتی دروست کردنی یەکەی نیشتەجێبون کە بەردەوام تەئکیدی لێ دەکردەوەو سەلماندی ئەو هەنگاوە دروستەو کار لەسەر دابڕانی ئیسرائیل ناکات
ـ ناتانیاهۆ دەزانێت سەرکردەکانی عەرەب تەنها لە یەک زمان تێدەگەن کە زمانی هێزە و لە ڕۆژگاری ئەوڕۆشدا کێ خاوەن هێز بێت وەک یەکەیەکی سەربەخۆی مەزن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ئیدی ئێستا ناتانیاهۆ بەو هەنگاوانە هەڵبژاردنی داهاتوی مسۆگەر کردوەو بە ڕکابەرەکانیشی دەڵێت (ئەو ڕوانگەی ئێوە بۆ خوێندنەوەی ڕۆژگاری ئەمڕۆی سیاسەت هەتانە کورت و ئامانج نەپێکاوە).