سەعدی پیرە: تا ئێستا وادەی دەست پێكردنی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دیاری نەكراوە

 

دوای ئەوەی كۆبوونەوەی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو لە ئێستادا هەوڵەكان چڕتر كراونەتەوە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لە بارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو هەرێمی كوردستان, گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش رایگەیاند، تا ئێستا وادەی ئەنجامدانی كۆبوونەوە لە نێوان پارتی و یەكێتی دیاری نەكراوە، بەڵام لایەنی سەرەكی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێ پارتی و یەكێتی دەبن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی، لە بارەی بوونی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت دەڵێت : “تا ئێستا بە فەرمی باس لە بوونی دووجێگر یان زیاتر بۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەكراوە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ژمارەی وەزارەتەكانیش كەمبكرێتەوە”.

دوای 20 رۆژ لە راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول/ سێپتێمبەری 2018، تا ئێستا گفتوگۆ و دانووستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستیپێنەكردووە.

بە گوێرەی ئەنجامەكان، كە پارتی خاوەن 45 كورسییە و حزبی یەكەمی كوردستانە، بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێردرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو حزبە دەستی بە كۆبوونەوەكان نەكردووە و بەرپرسانیشی رایدەگەیەنن، لە ئیستادا لەناوخۆی ئەو حزبە گفتوگۆ لەسەر شێواز و چۆنیەتی كابینەی نوێ دەكرێت.

Back to top button