عێراق بەردەوامە لە وەرگتنی قەرز تەنها ئەمساڵ 13 ملیار دۆلاری قەرزكردووە
لەگەڵ داكەوتنی نرخی نەوت عێراق وەك وڵاتێك كە سەرچاوەی داراییەكەی نەوتە رووبەرووی قەیرانی دارایی بوویەوە, جگە لە هاوكاریەكانی وڵاتانی كۆمەك بەخش تەنها ئەمساڵ حكوومەتی عێراق قەرزێكی زۆری دەرەكی و ناوخۆیی كردووە، بەگوێرەی شارەزایەكی ئابووریش قەبارەی قەرزەكە دەكاتە نزیكەی 13 ملیار دۆلار كەھاوتایە بە رێژەی %15 ی بودجەی 2019، بەرزبوونەوەی رێژەی قەرزەكانی عێراق لەكاتێدا داھاتی نەوتی عێراق لە بودجەی 2019 بە 93 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قسەی لەسەر پرۆژەی یاسایی بودجەی 2019 دەكرێت، بەگوێرەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەكە كێشەی زۆری یاسایی و دارایی تیدایە. جەمال ئەسەدی، شارەزای ئابووری عێراقی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە ، كەتیایدا حكوومەتی عێراق تەنیا لەماوەی یەك ساڵدا نزیكەی 12 ملیارو 800 ملیۆن دۆلاری لە بانك و دامەزراوە داراییەكان قەرزكردووە، بەپێی بڕی قەرزەكەش عێراق دەبێت پشكی %15 ی بودجەی 2019 بۆ دانەوەی قەرزەكان تەرخان بكات.
لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر 21 بانك و دامەزروەی جیھانی و سەدان رێكخراو و كۆمپانیاو بانك قەرزیان داوەتەوە عێراق، بەگوێرەی رێككەوتنەكانیش عێراق دەبێت بە قیستی درێژخایەن و ماوە كورت سەرجەم قەرزەكان بداتەوە.
شارەزایان دەڵێن، لەماوەی ساڵانی رابردوودا عێراق قەرزێكی زۆری لەسەر كەڵەكە بووە كە كۆی گشتی قەرزەكانیش دەگاتە زیاتر لە 134 ملیار دۆلار، قەرزەكەش لە 67%ی دەرەكیە و 33%ی ناوخۆیییە، كە كۆی گشتی ھاوتایە بە %63.8 كۆی بەرھەمی ناوخۆیی.
شارەزایانی ئابووری پێیانوایە بوون قەرزەكانی سەر عێراق بۆ نەبوونی سیستمێكی توكمەی بانكیی و دارایی دەگەڕێتەوەو لە ھەمانكاتدا بوونی گەندەڵێییەكی زۆری لە دامەزراوە حكوومییەكانی وایكردووە، خەرجییەكان زیادبكات پەرە بەھەدەر بچێت، سامانی دەوڵەت بچێتە گیرفانی چەند كەس و حزبێكەوە، ھەروھا نەبوونی پلانی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرھەمەی ناوخۆیی گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەساز گورزێكی گەورەی بە ئابووری عێراق گەیاندووە.
لەدوای ساڵی 2003وە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، پشتی خۆیان بە وەرگرتنی قەرزی دەرەكی بەستووەو ھەر لەرێگەی قەرزەەوە كورتھێنان بودجەكەی پڕدەكاتەوە، لەھەماكاتیدا بودجەی 2019 زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار كۆرتھێنان ھەیە.