كۆمسیۆن: پارەی كارمەندان و چاودێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خەرج دەكرێت
دوای ئەوەی كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق , گرێبەستی لەگەڵ نزیكەی 250 هەزار كەس ئەنجامدا بۆ بەرێوەبەردن و چاودێری كردنی هەڵبژاردنەكان, بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئاشكرای كرد، پارەی چاودێرانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12/ 5/ 2018، خەرج دەكرێت.
ئەو بەر بەرپرسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ڕای گەیاند: “خەرجكردنی پارەی چاودێرانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی مانگی ئایار، بەهۆی بڕیارێكی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووەوە دواكەوت، كە بڕیاری دابوو، هەموو فەرمانبەران و بەڕێوەبەرانی كۆمسیۆن ڕابگیرێن”.
ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، كە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەسەر دا، ئەوا كۆمسیۆن لەماوەیەكی نزیكدا كار لەسەر خەرجكردنی پارەی چاودێرانی ڕۆژی هەڵبژاردن دەكات، گوتیشی”: “ژمارەی كارمەندان و چاودێران 250 هەزار كەس دەبێت”.
ئاشكراشی كرد، كە بڕی 60 ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كراوە، بۆ هەر كارمەندێكی جێبەجێكار، بڕی 300 هەزار دینار و بۆ بەڕێوەبەرانی وێستگەكانیش 250 هەزار دینار خەرج دەكرێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا شەممە 10/ 11/ 2018، دەنگی لەسەر بڕیاری دەستبەكاربوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دا