هەنگاوێكی دیكەی بەهەم ساڵح دژ بە هەرێمی كودستان, داوای تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە دەكات
لەگەڵ ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ـی عێراق لە لایەن سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانیەكان و نوێنەرانی پارێزگاكانی بەسرەو ئەنبار رەتكراوەتەوە, ئێوارەی ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە كۆشكی سەلام كۆبوونەوە, دوای كۆبوونەوەكە لە ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشدا، بەپێویستی دەزانن پەلە بكرێت لە پڕكردنەوەی كابینەی حكوومەت و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2019، كە تێیدا پشكی هەرێمی كوردستان بۆ 12.67%، كەم كراوەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان و بەرهەم ساڵح، سەركۆمار كۆبوونەوە. بەپێی ڕاگەیاندراوێكی هاوبەش، لە كۆبوونەوەكەدا دواهەمین پێشهاتی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەوڵەكان بۆ پڕكردنەوەی كابینەی حكوومەت و پێشكەشكردنی ناوی ئەو 8 وەزیرەی ماونەتەوە، تاوتوێ كران.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە بەچاوخشاندن بە بودجەی ئەو پارێزگایانەی لەدەست داعش ڕزگار كراون، لەگەڵ گرنگیدان بە چینی هەژاران و هەمواركردنی ئەو بڕگانەی پێویستن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەروەها هەستانەوە بە ئابووری و خزمەتگوزاری و گرنگیدان بە پرۆژەكانی وەبەرهێنان.
پێشتر، پەرلەمانتارانی كورد ئەوەیان ئاشكرا كرد، كە ئەو پرۆژەیاسایەی بۆ پەرلەمان نێردراوە، جگە لەوەی چەندین تێبینییان لەسەری هەیە و مافەكانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە تێیدا پێشێل كراون، لەلایەن حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادییەوە بە نەفەسێكی تایفیی و دیكتاتۆرانە دانراوە و پشكی هەرێمی كوردستان بۆ 12.67% كەم كراوەتەوە، بۆیە لایەنە كوردستانییەكان، ڕازی نین بەو شێوەیە بودجە تێپەڕێندرێت.