لە ئەلمانیا پڵانێك بۆ كودەتای سەربازی ئاشكرا بوو
دوای ئەوەی ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی پلانێك دادەنێن بۆ كوشتنی ژماریەك بەرپرسی سیاسی بە كۆمەڵ و پاشان شوێنگرەوەیان وەك یەكەی سەربازی, دەزگای لێكۆڵینەوەی تاوانە فیدڕالییەكانی ئەڵمانیا پیلانی كودەتایەكی سەربازی لە وڵاتەكەی ئاشكرا كرد.
ئەمڕۆ یەكشەممە 11/11/2018، میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاویان كردووەتەوە، كە پیلانی كودەتاكە لەلایەن ژمارەیەك فەرماندەی سوپای ئەڵمانیاوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و بە نیاز بوون ژمارەیەك سەركردەی سیاسیی وڵاتەكەیان تیرۆر بكەن.
پیلانەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی لێكۆڵینەوە لە تاوانە فیدڕالییەكانی ئەڵمانیا ئاشكرای كردووە، كە جگە لە ژمارەیەك فەرماندە و ئەفسەری سوپای ئەڵمانی، چەند فەرماندە و ئەفسەرێكی هێزە تایبەتەكانیش بەشدارییان لە داڕشتنی پیلانەكە كردووە.
هەروەك میدیا ئەڵمانییەكان باسی دەكەن، ئەو فەرماندە سەربازییانە بە نیازبوون رۆژێك دیاری بكەن بۆ گرتنی ژمارەیەك سەركردەی سیاسیی وڵاتەكەیان بەتایبەت دیمتار بارتچ، سەرۆكی چەپەكانی ئەڵمانیا لە یەك كاتدا و دواتر كوشتنیان.
ئەو گرووپە پێیان وابووە، ئەڵمانیا لە داڕمان نزیك بووەتەوە و پێویستە تیمێك هەبن بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكە دوای نەمانی سیاسەتمەدارانی ئێستا و بۆ ئەو مەبەستەش، چەك و سووتەمەنیی پێویستیان لە چەندین شوێن حەشار دابوو.