عارف تەیفور بە پێی رێژەی كورسیەكان مامەڵە لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی دیكە دەكەین
دوای ئەوەی دانیشتنی خوڵی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە كراوەی هێڵدرایەوە تا رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسیەكانی لە دەرەوەی پەرلەمان لە سەر دەكرێت, سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی – ھەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەدات، كە ھەفتەی داھاتوو شاندی باڵای پارتی و یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كۆ دەبنەوە. دەشڵێت: ”بەپێی كورسی مامەڵە لەگەڵ لایەنەكاندا دەكرێ“.
عاریف تەیفوور، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی- ھەڵەبجە، ڕایگەیاندووە: “بەمەبەستی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، شاندێكی باڵای پێنج كەسی بە سەرۆكایەتیی جەعفەر ئێمنیكی پێكھێناوە و ھەفتەی داھاتوو شاندەكەی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كۆ دەبێتەوە“.
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی – ھەڵەبجە، ئەوەشی خستە روو، كە نێچیرڤان بارزانی كاندیدە بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بەڵام تاوكوو ئێستا ھیچ گفتوگۆیەك لەبارەی گۆڕانكاری لە پۆستەكاندا نەكراوە. گوتیشی: ”ھەرچەندە باسی ئەوە دەكرێ كە ئەمجارە سەرۆك وەزیرانی كوردستان دوو جێگری دەبێت، بەڵام ئەوە فكرەیە و لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین“.
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی روون كردەوە، كە ھەرچەندە قسە و باس لەسەر ئەوە دەكرێ كە ئەمجارە حكوومەتی بنكە فراوان نامێنێت، بەڵام پارتی بەپێی ڕێژەی كورسی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی و لایەنە سیاسییەكانی دیكە دەكات، بۆیە هیوای ئەوە دەخوازن ئەم چوار ساڵەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، چوار ساڵی ئارامی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ ھاووڵاتییانی كوردستان.