جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوزای لە وەزیری پیشەسازی ئوردن و شاندێكی یاوەری دەكات
ئەمڕۆ لە نوسینگەی تایبەتی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری وەزیری دارایی لە بەغدا, بەڕێز د.فوئاد حوسێن ، پێشوازی لە بەڕێز د.تاریق حەموری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و خۆراك لە شانشینی ئوردونی هاشمی و د.مونتەسەر زەعبی باڵیۆزی باوەڕپێكراوی ئوردون و بەڕێز یوسف شەمالی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پیشەسازی ئوردونی و ژمارەیەك لە بزنسكار و وەبەرهێنەری ئوردونی كرد .
لە دەستپێكی دیدارەكەدا بەڕێز حەموری پیرۆزبایی خۆی بە بۆنەی پێكهێنانی حكومەتی عیراق و وەرگرتنی پۆستی وەزیری دارایی لە د. فوئاد حوسێن كرد، هاوكات پیرۆزبایی لە گەلی عیراق كرد بە بۆنەی سەركەوتن بەسەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش دووپاتیشی كردەوە شانشینی ئوردونی هاشمی هەموو تواناكانی خۆی دەخاتە بەر خزمەتی عیراق .
لە لای خۆشیەوە د.فوئاد حوسێن سوپاسی بەڕێز حەموری كرد بۆ پیرۆزباییەكەی و تیشكی خستە سەر پەیوەندییە قووڵ و دێرینەكانی نێوان هەردوو وڵاتی برا ، دووپاتیشی لە سەر پێویستی سوود وەرگرتنی عیراق لە تواناكانی ئەم وڵاتە كردەوە بەتایبەتی لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا و بانكی دا ، بە پشت بەستن بە وابەستە هاوبەشەكان لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا.
هەردوو لاش گفتۆگۆیان لەسەر نەمانی گرفت و ئاریشەكان لەبەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتایبەتی لە بواری گومرگ وبەرزكردنەوەی ئاستی دەروازە سنووریەكان و پێكهێنانی ناوچەی هاوبەشی پیشەسازی لەسەر سنوور بە مەبەستی نەمانی بێكاری و لەناوبردنی تیرۆر.