سەعدی پیرە: بەشداری كردنی پارتی و یەكێتی بەیەكەوە لە حكومەت, سەقامگیری سیاسی دەهێنێتە ئاراوە كە خەلكی كوردستان بۆ ئەوە دەنگیان داوە

 

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا گفتوگۆ لە بارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەستی پێنەكردووە, پارتی لە دوای دەركەونی ئاكامەكانی هەڵبژاردن رایگەیاند ئەزموونی رابردووی حكومەتی بنكە فراوان دووبارە ناكاتەوە, وە بە پێی كورسیی لایەنەكان مامەڵە لەگەڵ هێزە سیاسیەكان دەكات, گوتەبێژی یەكێتیش دەلێت:” بەشداری یەكێتی دەبێتە هۆی سەقامگیری ئاسایش لە ناوچەكە.

سەعدی پیرە گوتەبپێژی یەكێتی لە بارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، یەكێتی و پارتی ئەزموونێكی دوورودرێژی باش و خراپیان بەیەكەوە هەیە و ئێمە یەكترمان بەجێ نەهێشتووە و بەیەكەوە شەڕی داعشمان كردووە و بەرپرسیاریمان گرتووەتە ئەستۆ.

هەروەها گوتیشی: راستە ژمارەی كورسی لە پێكهێنانی كابینەی حكومەت كاریگەری هەیە، بەڵام هێز و هێزی ئابووریش كە یەكێتی هەیەتی كاریگەری هەیە.

گوتەبێژی یەكێتی رەتیكردەوە، كابینەی داهاتوو بنكە فراوان بێت و گوتی: ئێمە هێڵی سوور و ڤیتۆمان لەسەر بەشداریكردنی هیچ لایەك نییە و لە سەر كارنامەی حوكمڕانی گفتوگۆ دەكەین و كار بۆ جێبەجێكردنی دەكەین. ئێمە پێمان باشە حكومەتێكی بەهێز درووست بكرێت و بتوانێت خزمەت بكات.

سەبارەت بە گفتوگۆی ناڕەسمی پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، سەعدی پیرە رەتیكردەوە بە نهێنی هیچ كۆبوونەوەیەكیان كردبێت و گوتی: ئێمە بەیەكەوەین لە حكومەت و راستە لە بارەی بەغداوە كەمێك ساردی لە نیوانمان درووست بوو، بەڵام ئەوە بووە مێژوو و بەشداری یەكێتی و پارتی بەیەكەوە لە حكومەتدا دەبێتە هۆی سەقامگیری ئاسایشی ناوچەكە. خەڵكیش دەنگی بۆ ئەوە داوە و ئەوەی دەوێت.

بۆ پرسی كەركووكیش، سەعدی پیرە رایگەیاند، پێویستە ئەو پرسە بەجێبهێڵین بۆ كەركووكییەكان و ئەگەر كێشەیەكیش هەبێت پێمان خۆشە بە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی چارەسەری بكەین، بەڵام پۆستی پارێزگاری شارەكە پەیوەندی نییە بە كابینەی حكومەتەوە.

گوتەبێژی یەكێتی روونیشیكردەوە، ئەوان دەیانەوێت كابینەی حكومەت بچووك بكرێتەوە و تەنانەت دەكرێت وەزارەتی تەندرووستی و كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بكرێنەوە یەك و پێویست ناكات حكومەت دوو جێگری هەبێت.

لە بارەی دانانی جێگرێكی یەكێتییەوە بۆحكومەت، سەعدی پیرە گوتی: دەمانەوێت كەسێك بێتە خاوەن سەقامگیری سیاسی خۆی بێت، نەك تەبیعەتی شوتی هەبێت و دەرەوەی سەوز و ناوەوەی سوور بێت.

ئاشكراشیكرد، یەكێتی كاندیدی بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران هەیە و ناوەكەی ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ناوەكەی رابگەیەنن.

سەعدی پیرە باسی لە پرسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقیشی كرد و بە (بودجەی سزا) ناوبرد و گوتی: لە سەردەمی پرۆگرامی نەتەوەیەكگرتووەكان (نەوت بەرامبەر بە خۆراك) پشكی هەرێمی كوردستان لە سەدا 13 بوو، كە هیچ بڕە پارەیەكی وەك بودجەی سیادی و حاكیمە لێ دەرنەدەهێنرا و ژمارەی دانیشتووانی هەرێم وەك ئێستا نەبوو، بەڵام ئێستا كراوەتە سەدا 12 كە ئەوە ستەمە لە كورد دەكرێت و ئەگەر بە رێژەی كوردیش بێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كورد لە سەدا 18ی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەیە.

Back to top button