گۆران له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕاوه‌كانی بۆ ناویه‌كێتی دێته‌ ده‌نگ

دوای ئەوەی بەرپرسانی باڵای یەکێتی ژمارەیەک کەسیان هێنایە سەر شاشەکان و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ٤ هەزار هەڵسووڕاوی گۆڕانن و پەیوەندییان بە یەکێتییەوە کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی ١١ی ٢٠١٨، شاخەوان ڕەئوف بەگ، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕاگەیاند: ”لەسەرەتایی دامەزراندنی گۆڕانەوە بەبێ دابڕان کارم بۆ ئەم بزووتنەوەیە کردووە، کاتێکیش جڤاتی نیشتمانی دامەزراوە، من ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بووم، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەو دەموچاوانەی لەسەر شاشەکان یەکێتی نیشانی داون، گوایە ھەڵسووڕاوی گۆڕانن و گەڕاونەتەوە ناو یەکێتی، بۆ تەنھا جارێک ئەو دەموچاوانەم لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا نەبینیوە؟.

لای خۆیه‌وه‌ ئەمیری حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان گووتی: ”ئەو مۆدێلەی یەکێتی بەکاری دێنێت کۆن بووە، بۆ نموونە ئەگەر من بگەڕێمەوە ناو یەکێتی، ئەو ھەموو کەش و فشەی بۆ چییە؟ باشە ئەگەر وا بێ، ئایا پێویست بەوە دەکات بچینە سەر گۆڕی مام جەلال و پەیمان نوێ بکەینەوە؟”.

ئەندامه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان گوتیشی : ”یەکێتی خەڵکی خۆی بەناوی جەماوەری گۆڕانەوە دەباتە سەر گۆڕی مام جەلال و سوێندیان دەدات و پەیمانیان پێ نوێ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ورەی جەماوەرمان دروست بکەن ، ڕەنگیشە“ ھەندێک خەڵک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان چووبنە نێو گۆڕان، بەڵام کە دیویانە گۆڕان پارە و هێزی نییە، ”ڕەنگە ماندوو بوو بن“.

ئەمیری حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ده‌لێت: ”یەکێتی تەنیا لە ساختەکاریدا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت، ئەگەر نا لە چیدا سەرکەوتوو بووە؟”. ده‌شڵێت: ”ئەگەر بێت و جەماوەری گۆڕان واز لە گۆڕانیش بێنن ئەوا لە ماڵەکانی خۆیان دادەنیشن و ناگەڕێنەوە ناو یەکێتی، چونکە ئەوان لەدەست گەندەڵی و نادادپەروەری وازیان لە یەکێتی ھێناوە“.

Back to top button