عارف ته‌یفور : ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان به‌ڵێن نه‌ده‌ن ئامادەنین بەشداری حکومەتیان پێبکەین

لەمیانەی وتوێژێکی ڕۆژنامه‌وانیدا لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ، عارف تەیفور ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی دەڵێت” پارتی مەرجی هەیە بۆ بەشداری پێکردنی لایەنەکان لە حکومەت، مەرجی ئەوەی لایەنەکان حکومەت بەجێ نەهێڵن، هەر چوار ساڵەکە بەخۆشی و ناخۆشیەوە لەگەڵمان بن، وە هەروەها یەکێک لەخاڵەکانی مەرجەکانی پارتی بۆ لایەنەکان ئەوەیە ئەمجارە لایەنەکان لە حکومەت نەبن و ببنە ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەیان هەبوو یا پەرلەمانتارەکانیان ڕەخنەیان هەبوو دەتوانن لەڕێگای نوێنەرەکانیان لەحکومەت بیگەیەنن بەحکومەت، نەک پەرلەمان بکەنە مینبەری ئۆپۆزسیۆنبون و هەوڵی ڕوخانی ئەو حکومەتە بدەن کە ئێـمە پێکی دەهێنین”.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و مه‌رجانه‌ شمولی یه‌كێتی ده‌كات عارف تەیفورئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی گوتی” بڕواناکەین یەکێتی بەجێمان بهێڵن، یەکێتی شان بەشانی پێشمەرگەکانی پارتی قورسترین شەڕمان کرد کەشەڕی داعش بوو، ئەو کاتەی هەموو لایەنەکان کۆبونەوە ویستیان پارتی “تەسلیم بێت” بەڵام بەهەوڵی “کاک نێچیرڤان بارزانی” هەوڵی ئاسایکردنەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی درا، یەکێتی لەوەدا لەگەڵمان بوون ناکرێت نکوڵی لەو هەڵوێستەی یەکێتی بکرێت، وە هەرخۆی یەکێتی نیەتێکی وایان نیە بەجيمان بهێڵن.”

له‌باره‌ی شێوازی وەرگرتنی ئەو بەڵێنە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەنەکان؟ عارف تەیفور بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی ده‌ڵێت:” من ئێستا نازانم شێوازی وەرگرتنی ئەو بەڵێنە لە لایەنەکان چۆن دەبێت؟ بەڵام دەبێت بەجدی ئەو بەڵێنە لەلایەنەکان وەربگیرێت وە پابەند” مولتەزیم”یش بن پێوەی.”

له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان ئه‌و به‌ڵێنه‌یان نه‌دا ،عارف ته‌یفور ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت :” نەخێر ئەگەر ئەو بەڵێنەیان دا ئامادەنین بەشداری حکومەتیان پێبکەین ئەو وەختە چ ئیشمان پێیان هەیە.”

له‌باره‌ی ڕازیبونی لایه‌نه‌كان به‌ مه‌رجه‌كانی پارتی ،نابێت ڕه‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت بگرن ،عارف تەیفور گوتی:” “بیزەبت” ئەوەش یەکێکە لەخاڵی لەمەرجەکان، هەر لایەنێک نوێنەری دەبێت لەحکومەت پەرلەمانتارەکانیان دەتوانن لەڕێگای نوێنەرەکانیان هەرچی بوو بیگەیەنن بە حکومەت نەک پەرلەمان بکەنە مینبەری ئۆپۆزسیۆن و داوای ڕووخانی ئەو حکومەتە بکەن کە ئێمە پێکمان هێناوە.”

بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی ده‌شڵێت :” دەبێت بەجدی ئەو بەڵێنە لەلایەنەکان وەربگیرێت وە پابەند” مولتەزیم”یش بن پێوەی، ئەگەر لایەنێکیش ئامادەنەبوو ئەو بەڵێنە بدات ئەوا ئامادەنین بەشداری حکومەتیان پێبکەین ئەو وەختە چ ئیشمان پێیان هەیە، وتیشی” ئەمجارە نامانەوێت حکومەتێک پێکبهێنین کە حکومەتی بنکە فراوان بێت.”

له‌باره‌ی كارنامه‌ی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی گووتی:” بەرنامەی کارکردنمان ئەمجارە ئەوەیە ئەوەی بێتە پێشەوە ئەمجارە هێڵی سورمان لەسەر کەس نیە هەموو لایەنەکان دەتوانن بێن لەگەڵمان بەشداری حکومەت بکەن بەڵام ئێمە بۆ ئەمە مەرجمان هەیە کەنابێت بێنە ناو حکومەت کەتوشی قەیرانێک شەڕێک ناخۆشیەک بین بەجێمان بهێڵن و لەحکومەت بکشێنەوە، بینیمان ئەمجارە یەکگرتووی ئیسلامی چەند مانگێکی کەمی مابوو کە لەحکومەت کشایەوە، ئێـمە ئەمجارە ئەوەمان قبوڵ نیە، وە ئێمە نامانەوێت ئەمجارە حکومەتێک پێکبێت بەناوی حکومەتی بنکە فراوان، حکومەتێک پێکدەهێنین کە بەو بەرنامەیەی هەمومان لەسەری ڕێکدەکەوین لەگەڵمان هاوبەش دەبێت و بەخێربێت.”

Back to top button