دكتۆر سلێمان گیانی لەدەست نەداوە

خواكوڕك
پاش بڵاو بوونەوەی گیان لەدەست دانی دكتۆر سلێمان، نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازی كۆبڵنز، هه‌واڵه‌كه‌‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

بەگوێرەی راگەیاندراوێك سایتی “زه‌ر نیوز”ی توركی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌ڵێت: “دكتۆر سلێمان ماوه‌ی 7 كاتژمێر له‌ نه‌شته‌رگه‌ریدا ماوه‌ته‌وه‌ و ئێستاش له‌ژێر چاودێری چڕدایه‌”.
هەر بەگوێرەی زانیاریەكان تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن پزیشكه‌كان و خانه‌واده‌ی دكتۆر سلێمانه‌وه‌ ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌ كه‌ ئه‌و شه‌هید بووه‌ و تاوه‌كو ئێستا گیانی له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ئێستا دكتۆر سلێمان له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌ڵمانیایه‌و ڕه‌وشی ته‌ندروستی خراپه‌ و له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدایه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نه‌خۆشخانه‌كه‌، ته‌نها به‌شێكی مێشكی له‌ كاركه‌وتووه‌، به‌ڵام هێشتا دڵی له‌ لێدان نه‌كه‌وتووه‌ و كار ده‌كات.

دكتۆر سلێمان چرۆكا،  رۆژی چوارشەممە 26-10-2016، لەكاتی پووچەڵکردنەوەی بۆمبێكی چێندراوی داعشدا، لەنێو تونێلێكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێ پێشمەرگەكانی، لە گوندی تیسخرابی گەورەی میحوەری باشیک برینداربوو، ئەوكات بە هەلیکۆپتەرێکی تایبەت خێرا گەیه‌ندرایە نەخۆشخانەی هەولێر و دواتر بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكرا.

دکتۆر سلێمان کە خەڵکی باکووری کوردستانە، لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەڵمانیا دەژیا، لە دەستپێکی شەڕی داعشەوە پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەوە کرد، لە زۆربەی میحوەره‌کانی جەنگی دژ بە داعشدا زۆرترین رۆڵی بینیوە لە پووچەڵکردنەوەی مین و تی ئێن تی و بۆمبەکانی داعشدا.

Back to top button