پۆلیسی سلێمانی: ئه‌و كه‌سه‌ی برینداركراوه‌ به‌ پێی مادده‌ی ٤۰٦ ومادده‌ی ۱٤ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان تۆمه‌تباركراوه‌

له‌ تۆمارێكی ڤیدیۆیی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ده‌رده‌كه‌وێت، چه‌ند چه‌كدارێك، له‌سه‌ر شه‌قامێكی گشتی ناو پێشانگاكانی ئۆتۆمبێلی سلێمانی (كه‌ علووجه‌كانی پێده‌ڵێن)، كه‌سێكیان برینداركردووه‌ و رێگه‌ به‌ كه‌سیش ناده‌ن هاوكاری برینداره‌كه‌ بكه‌ن.

نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، رایگه‌یاند:” رووداوه‌كه‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌، ۱۲ی تشرینی دووه‌می ۲۰۱۸ له‌ ناو پێشانگاكانی سلێمانی (علووجه‌كان) روویداوه‌ ، ئه‌و كه‌سه‌ی برینداركراوه‌، پێشتر له‌ كه‌ركووك دوو فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بووه‌، یه‌كێكیان به‌ مادده‌ی ٤۰٦ و ئه‌وی دیكه‌شیان به‌ مادده‌ی ۱٤ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی گوتیشی :” ئه‌و دوو كه‌سه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌یسی ده‌ستگیركردنی ئه‌و داواكراوه‌ هه‌بووه‌، پێشتر هه‌واڵیان به‌ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان داوه‌ كه‌ ئه‌و داواكراوه‌یان بینیووه‌، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بگه‌نه‌ شوێنه‌كه‌، به‌یه‌كدا هه‌ڵپژاون و له‌ یه‌كیانداوه‌، له‌ ئاكامدا داواكراوه‌كه‌، كه‌ دوو فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بووه‌ له‌ كه‌ركووك، فیشه‌ك به‌ر قاچی كه‌وتووه‌ و برینداربووه‌”.

به‌ گوێره‌ی گوته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناو خه‌ڵكیدا باس ده‌كرێت، ئه‌و كاره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بووه‌ و گوتیشی: “ئه‌و كه‌سه‌ی برینداركراوه‌ و كه‌وتووه‌، پێشتر له‌ كه‌ركووك باوكی یه‌كێك له‌وانه‌ی كوشتووه‌، ئه‌و سێ كه‌سه‌ش كه‌ كوردی كه‌ركووكن له‌ناو پێشانگاكانی علووجه‌كه‌، ده‌یبیننه‌وه‌، بۆیه‌ به‌و جۆره‌ تۆڵه‌ی خۆیانی لێ ده‌كه‌نه‌وه‌”.

 

Back to top button