د.سالار عوسمان :پارتی لایه‌نه‌كان به‌قه‌د ژماره‌ی كورسییه‌كانیان ده‌بینێت و دانوستاندنیان له‌گه‌ڵ ده‌كات

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ۳۰ـی ئه‌یلول په‌رله‌مانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان پێشه‌نگ و براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو كه‌ ٤٥ كورسی په‌رله‌مانی به‌ ده‌ستهێنا ،پارتییش وەك براوەی یەكەم، دەبێت یەكێك ڕاسپێرێ بۆ دانوستان و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان.

د. سالار عوسمان ئەندامی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند:” “ڕوانگەی پارتی بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، ئەوەیە كە دەیەوێت حكوومەتێكی بەھێز دروست بكرێت، چەمكی حكوومەتی بەھێز بە تێگەییشتنی یەكڕیزیی وڵات و یەكئیرادەیی لە حكوومەت بەرجەستە بكات، یەكڕیزی بەم شێوەیەی كە لایەنە سیاسیییەكان بەشدار بن یەكئیرادەیی و یەكبڕیاری و یەكبینی لە حكوومەت بەرجەستە بكات، بەداخەوە لە كابینەی پێشوو یەكبڕیاری و یەكبینی لە حكوومەت نەبوو، كە ئەمەیش ھەمووان زەرەرمان لێ كرد، ھەم حكوومەت و ھەم پڕۆسەی سیاسی و ھاووڵاتیانیش”.

ئەندامه‌كه‌ی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی گووتی :” تێگەییشتنی دووەم لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەیە كە لە ڕێگەی حكوومەتێكی بەھێزەوە بتوانێت ژیانی خەڵك باش بكات، مەبەست لە ژیانی خەڵك تەنیا مووچە نییە، بە نموونە كوالێتییەكی باشی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییەكی باشە، گشت ئەو سێكتەرانەی حكوومەت بە كار و بە ئەركی خۆی دەزانێ لە ڕێگای سێ چەمكی وەك یەكڕیزی و یەكبینی و ژیانی باش، ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمەیش چۆن دەكرێت، بە كام میكانیزم و ڕێگر و لەمپەرەكان چین؟”.

هه‌روه‌ها د. سالار عوسان گوتیشی :” پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانوستانەكانی ئەمجارەدا جۆری گفتوگۆ و جۆری تێگەییشتن دەگۆڕێت، بەو جۆرەی لایەنەكان بە قەد كورسییەكانیان دەبینرێن و دانوستانیان لەگەڵ دەكرێت، بەڵام ھەموو هەوڵێكیش بۆ ئەوەیە بتوانین حكوومەتێكی بەھێز دروست بكرێت و لایەنە گرینگەكانی تێدا بێت، لایەنێكی گرینگیش یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە، ئەگەر ژمارەی كورسییشی كەم بێت، بەڵام ئەمە ڕاستییەكی واقیعی و جوگرافییە كە دەبێت لە حكوومەت بن، بە كام تێگەییشتن؟ پەنجا بە پەنجا؟ بێگومان نەخێر، بە تێگەییشتنی دوو ئیدارەیی؟ بە تێگەیشتنی ئەوەی لە حكوومەت بن و نەتوانن وەك ئەوەی یەكئیرادەیی بۆ حكوومەت دەربخەن؟ بێگومان نەخێر، بەو تێگەییشتنە لە حكوومەت بن كە بیانەوێ لە سلێمانی بە جۆرێك لە حكوومەت بن و لە ھەولێر بە جۆرێكی تر؟ نەخیر بە دڵنیاییەوە، یەكێتی لە قۆناغێكدایە دەبێت خۆی بگۆڕێت و دەبێت تێبگات لەوەی حكوومەت دامودەزگا و خەڵك بەرھەم و دەرھاوییشتەكانی ژیانە لە ھەمان كاتدا ئایا یەكێتی دەتوانێت خۆی بگۆڕێت بۆ تێگەییشتنی حكوومەتداری، ئەمە پرسیارە گرینگەكەیە و دەبێت یەكێتییەكان وەڵامی ئەمە بدەنەوە.”

د. سالار عوسمان ئەندامی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی ده‌شڵێت : “لەگەڵ حزبەكانی تریش بە نموونە گۆڕان، كە دێنە حكوومەت یان پێیان باشە بێنە حكوومەت، دەبێت ئەمجارە ئەم نەفەسی شكان و نەفەسی كەرتكردن و نەفەسی زامداركردنەی حكوومەت لە خۆیاندا كۆتایی پێ بھێنن، یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری داوە نەیەتە حكوومەتەوە و وەك ئۆپۆزسیۆن كار بكات، بۆیە ئۆپۆزسیۆنبوون كارێكی باشە، پێم چاكە كابینەی بنكەفراوان دووبارە نەبێتەوە و تەنیا دەكرێت ئۆپۆزیسیۆن ھەبێت، كابینەیەكی بەھێز ھەبێت و خەڵك و حكوومەتداریش قازانج دەكات، بەڵام بە تێگەییشتنی جیاواز، بە تێگەییشتنی نوێ، كەواتە پارتی و گۆڕان و یەكێتی و ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت تێگەییشتنیان بۆ حكوومەتداری بگۆڕن، ئێستا قۆناغێكی نوێیە و حكوومەت لە بەردەم ئەركی گەورەدایە بۆ خزمەتگەیاندن بە خەڵك و باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان.”

Back to top button