یه‌كێتی و گۆڕان چاوه‌ڕێی شاندی پارتی و كێبركێی ڕازیكردن ده‌كه‌ن

گۆران و یه‌كێتی کێبڕکێ لەسەر ڕازی کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەكه‌ن و چاوه‌ڕێی شاندی پارتی ده‌كه‌ن، تاوەکوو ئەو پۆستانەیان پێ بدرێت کە چاویان له‌سه‌ریه‌تی پێیانوایە لەو ڕێگەیەوە دەتوانن ئامانجەکانیان بەدی بهێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ١١ی ٢٠١٨، عومەر فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندی پارتی بۆ لای لایه‌نه‌كان ڕاگەیاند: ”ئێمە ئامادەین بۆ پێشوازیکردن لە شاندی پارتی“. به‌ڵام عومەر فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هیچ وردەکارییەکی لەبارەی کات و شوێنەکەی ڕوون نەکردەوە.

لای خۆیه‌وه‌ خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان گووتی: “گۆڕان دەرگای بەڕووی ھیچ حزبێکدا دانەخراوە، بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکوومەت، پێشوازی لە شاندی پارتی دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین بەرچاوڕوونی و پێشنیاری ئەوان چییە؟“.

ئەندامه‌كه‌ی جڤاتی گشتیی گۆڕان گوتیشی :” هەر کاتێک شاندی پارتی بیەوێت سەردانی گۆڕان بکات، ئەوان پێشوازی لێ دەکەن و بابەتی کۆبوونەوەکەیان پەیوەست نییە بە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی یان نیشتمانیی گۆڕانەوە”.

هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ده‌ڵێت:”  گۆڕان خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە بەشداریی كابینەی نۆیەم دەكات یان نا،به‌شێك لەگەڵ ئەوەن كە گۆڕان بەشداریی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بكات، بەشێكی دیكەش لەگەڵ ئەوەدا نیین و پێیان باشە گۆڕان ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداریكردن لە حكومەت بدات، ئەو كات سێ پۆستی سەرەكی ھەیە كە سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان، لەگەڵ پۆستی سێیەم كە جێگری سەرۆكی حكومەتە ئەوا مافی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت.”

پێشتریش شەخەوان ڕەئوف بەگ، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ڕاگەیاندبوو: “ئەگەر بڕیار بێ ئێمە بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بکەین، ھیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێ بەربەستمان بۆ درووست بکات و قەبووڵیشی ناکەین لایەنێکی سیاسی لەمپەڕ لە بەردەم بەشداریکردنی گۆڕان لە حکوومەت دابنێت، چونکە ئێمە خاوەنی سیاسەتی خۆمانین و جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بڕیار لەسەر سیاسەتی گۆڕان دەدات“.

Back to top button