عادل عەبدولمەهدی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەردەكەین
دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی, ئاماژەكان ئەوە دەگەیێنن كە پەیوەندیەكانی نێو هەولێر و بەغدا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچن, سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردوەتەوە، پەیوەندییەكی باش لەنێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەم نزیكانەش هەموو كێشەكان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە، چارەسەر دەكەین.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق، لە دوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە و، بەم نزیكانەش كێشەكانمان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە، چارەسەر دەكەین”.
سەبارەت بە كابینەی نوێی حكوومەت كە تائێستاش 8 وەزیر ماون دەنگیان لەسەر بدرێت، گوتی: “لەماوەیەكی كەمدا كابینەكە پڕ دەكەینەوە”.
سەبارەت بە سنوورەكانی سووریا و عێراق و مەترسییەكانی دزەكردنی داعش، گوتی: “هێزە هاوبەشەكان كۆنترۆڵی سنوورەكەیان كردووە”.