ترهمپ له تویتهرهوه هێرشیكردهسهر سهرۆكی فهرهنسا, دەڵێت ئەمریكا نەبوایە فەرەنسیەكان بە ئەڵمانی قسەیاندەكرد
دوای ئەوەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پێشنیاری كرد كە سوپای خۆیی دابمەزرێنێت بۆ پاراستنی ئەوروپا لە وەڵامی ماكرۆن سەرۆكی ئەمریكا ڕەخنەی لە هاوتا فەڕەنسییەكەی گرت و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر چەند تێبینیەكی نەرێنی لەسەر ئیمانوێل ماكرۆن نوسی.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی تشرینی دووەمی 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نوسیویەتی” ئیمانۆئیل ماكرۆن پـێشنیازی كردووە سوپای خۆی دروستبكات بۆ پاراستنی ئەوروپا لە دژی ئەمریكا و چین و ڕوسیا. بەڵام ئەوە ئەڵمانیا بوو لە هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم پەلاماری دان– ئەی ئەوە بۆ فەڕەنسا باش بوو؟ بەر لەوەی ئەمریكا بگات و رزگاریان بكات، ئەوان دەستیانكردبوو بەوەی فێری ئەڵمانی بن لە پاریس. ئێستا پارە دەدەیت بە ناتۆ یان نا!”
هەر لە نوسینێكی دیكەشدا ڕەخنەی لە فەڕەنسا گرت لەوەی لە بواری بازرگانی بەرامبەر ئەمریكا توندە و وتویەتی: فەڕەنسا گومرگی زۆر دەخاتە سەر شەرابی ئەمریكایی، بەڵام ئەمریكا گومرگێكی زۆر كەم دەخاتە سەر شەرابی فەڕەنسا. دەشڵێت ئەمە ڕەوا نیـیە و دەبێت بگۆڕدرێت.
دواتر نووسیویەتی “كێشەكە لەوەدایە ئاستی جەماوەریی ئیمانوێل لە فەڕەنسا زۆر هاتووەتە خوارێ بە 26%، ڕێژەی بێكاریش نزیكبووەتەوە لە 10% .
دوای ئەو رەخنانەی ترەمپ، ئاژانسی فڕانس پـرێس هەوڵی دابوو كاردانەوەی كۆشكی ئیلێزێ لە فەرەنسا لەو بارەیەوە بزانێت، بەڵام كاربەدەستانی پاریس ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێك لەسەری بدەن.