هه‌فته‌ی داهاتوو پارتی سه‌ردانی لایه‌نه‌كان بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: ”بەپێی زانیارییەکانی من، شاندێک بۆ سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان دەستنیشان کراون، بەڵام نازانم ئایا سەرەتا سەردانی یەکێتی دەکەن یان دەچنە لای لایەنەکانی دیکە، بەدڵنیاییەوە بەرنامەیەک بۆ ئەوە دادەنرێت“.

بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی :” ئامانجی شاندەکە ئەوەیە کە بزانن کێ بەشداری لە حکوومەتدا دەکات و بۆچوونیان چییە؟ بۆیە ”لە نزیکترین کاتدا دیدارەکان دەست پێ دەکەن“.

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی پێشبینی ده‌كات لە هەفتەی داهاتووەوە کۆبوونەوەکان دەست پێ بکەن و ”بە دڵنیاییەوە نێچیرڤان بارزانی لەو شاندەدا دەبێت کە سەردانی لایەنەکان دەکەن“.

پێشتریش ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ سلێمانی ڕایگه‌یاندبوو “پارتی مەرجی هەیە بۆ بەشداری پێکردنی لایەنەکان لە حکومەت، مەرجی ئەوەی لایەنەکان حکومەت بەجێ نەهێڵن، هەر چوار ساڵەکە بەخۆشی و ناخۆشیەوە لەگەڵمان بن، وە هەروەها یەکێک لەخاڵەکانی مەرجەکانی پارتی بۆ لایەنەکان ئەوەیە ئەمجارە لایەنەکان لە حکومەت نەبن و ببنە ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەیان هەبوو یا پەرلەمانتارەکانیان ڕەخنەیان هەبوو دەتوانن لەڕێگای نوێنەرەکانیان لەحکومەت بیگەیەنن بەحکومەت، نەک پەرلەمان بکەنە مینبەری ئۆپۆزسیۆنبون و هەوڵی ڕوخانی ئەو حکومەتە بدەن کە ئێـمە پێکی دەهێنین”.

Back to top button