سه‌رۆككۆماری توركیا : تەنها قەندیل نییە و مەخمووریش لە ئارادایە مەخموور هێلانەی پەكەكەیە

توركیا پەیەدە‌و یەپەگە(باڵی سەربازی پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە پەكەكە لەقەڵەم دەدات، بەڵام ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەپەگە هەیەو گوێ بە ناڕەزاییەكانی توركیا نادات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی پرۆگرامی “خەڵات لە پێناوی دادپەروەریدا”، بڕی ۱۲ ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە بۆ پێدانی هەر زانیارییەك كە شوێنی سێ سەركردەی باڵای پەكەكە ئاشكرا بكات،توركیا چەندجارێك كاردانەوەی پیشانداوە لەسەر ئەو خەڵاتەی ئەمەریكا، ئەمڕۆ سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند”دانانی خەڵاتی پارە لەسەر سێ سەركردەی پەكەكە لەلایەن ئەمەریكاوە، هەنگاوێكی دواكەوتووە، ناكرێت لێی دڵنیابین، ئێمە ئەمە بە گەمەیەك دەزانین بۆ شەرعیەتدان بەوەی گوایە پەكەكەو پەیەدە دوو پێكهاتەی جیاوازن،بێگومان بەم گەمەیە هەڵناخەڵەتێین.”

سه‌رۆككۆماری توركیا گوتیشی :”تەنها قەندیل نییە و بابەتی مەخمووریش لە ئارادایە ، مەخموور هێلانەی پەكەكەیە، ئێستا ۱۲ بۆ ۱۳ هەزار كەسی تیادایە. نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئیدی لەم كارە بێزار بووە. دەیەوێت ئەوێ تێكبدات. دوای تێكدانی چی دەبێت؟ پێویست دەبێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق، ئەمریكاو حكومەتی هەرێمی باكووری عێراق كارێك لەبارەی بوونی پەكەكەوە بكەین لە عێراق. ئینشائەڵڵا ئەم كێشەیە چارەسەر دەكەین.”

ئەمەریكا هاوپەیمانی توركیایەو هاوشێوەی ئەو وڵاتە پەكەكە بە ڕێكخراوێكی “تیرۆریستی” لە قەڵەم دەدات، بەڵام لەگەڵ پەیەدە لە پەیوەندیی بەردەوامدایەو بە پێدانی چەك‌و پێداویستی سەربازی‌و مەشق‌و ڕاهێنان هاوكاریی دەكات.

Back to top button