پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی: سكالا لە دژی مافیاكانی نەوتی ناوحزبەكەی تۆمار دەكات
دوای ئەوەی كەركووك بە هۆی خیانەتی گرووپێكی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەر لە لایەن حەشدیشەعبی سوپای پاسداران داگیركرا, لەو كاتەوە دەرفەت بۆ ئەو گرووپەی یەكێتی رەخساوە نەوتی كەركووك بە قاچاغ ببەن و بیفرۆشنە ئێران پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكێتیش لە عێراق، لە میدیاكانی عێراقەوە سكاڵا لە مافیاكانی نەوتی حزبەكەی دەكات و دەڵێ بەبێ ئاگاداری حكوومەتی بەغدا نەوت ئاودیوی ئێران دەكەن.
ڕێزان دلێر كە سەركردەیەكی یەكێتی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئەمڕۆ لە لێدوانێكیدا لەلای حكوومەتی عێراق گوایە سكاڵای “لە دژی مافیاكانی نەوتی كوردستان” كردووە و دەڵێ بەبێ ئاگەداری بەغدا نەوت ئاودیو دەكرێ.
بەقسەی ڕێزان كە سەركردەیەكی یەكێتییە و ئاگەداری دۆخی حزبەكەی و سنووری دەسەڵاتی حزبەكەیەتی، مافیای گەورەی نەوتیان هەیە و نەوت بەبێ ئاگەداری عێراق ئاودیوی ئێران و توركیا دەكەن.
میدیاكانی عێراق ئەم لێدوانەی سەركردەكەی یەكێتییان لەم كاتەدا وەكو هەنگوینیان لە داردا دۆزیبێتەوە، بڵاوكردەوە، بەتایبەتی كە ئێستە كورد لە سەروبەندی داواكردنی مافی خۆیەتی لە بودجەی گشتیی عێراق و بۆ ئەمساڵ بەشێوەیەكی یەكجار خراپ بەشی كورد لە بودجە داندراوە.
سەرچاوەیەكی ئاگەداریش رایگەیاند كە پێدەچێ ئەم سەركردەیەی یەكێتی كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكەیدا هەبێت لەبارەی پێنەدانی بەشە پارەی لەو نەوتە بەقاچاخ فرۆشراوانەوە، بەتایبەتی كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە سەرانی خیانەتی حزبەكەی بەئاشكرا لە كەركووكەوە رۆژانە دەیان تەنكەر نەوت ئاودیوی ئێران دەكەن.
سەركردەكەی یەكێتی ئەمڕۆ لە لێدوانەكەیدا زۆر خەمخۆرانە بۆ دەوڵەتی عێراق، دڵگرانی دەردەبڕێ لەوەی حكوومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر چەندین بیرە نەوتدا نیە، بەڵكو مافیاكانی نەوتی حزبەكەی دەستیان بەسەر چەندین بیرە نەوتدا گرتووە و رۆژانە نەوت ئاودیوی ئێران دەكەن..
ڕێزان دلێر بەپێویستی دەزانێ حكوومەتی عێراق هەڵوێستێكی جیدی هەبێ بەرامبەر فرۆشتنی نەوت و ئاودیوكردنی لە كوردستانەوە بەبێ پرس و ئاگەداری بەغدا.