ئەو سەركردەیەی داعش کە پێشمەرگە دیلەكانی بە ئۆتۆمبێل بە نێو خەڵكدا دەسوڕاندەوە, دەستگیركرا و دانی بە تاوانەكەیدانا
دوای ئەوەی سەركردەی داعش لە سنوری كەركووك و دیالا ئەبوبەكر حەمزە كوردی لە سنوری كەركووك دەستگیر كرا, دوای ئەوەی دادگایی كرا ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی دادوەری عێراق ڕایگەیاند، دانپێنانی گەورە تیرۆریستێكی داعش، كە والی كەركووكی ڕێكخراوەكە بووە، لەلایەن دادگاوە تۆمار كرا.
سەرچاوەیەك لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ تایبەت بە دۆسییەكانی تیرۆر، ڕای گەیاند: “دادگا دانپێنانی تاوانباری تیرۆریست ئەبوو حەمزە كوردی، كە بەرپرسی چەندین كردەوەی تیرۆریستییە و پۆستی والی باكووری بەغدای بەدەستەوە بووە پێش ئەوەی ببێت بەوالی كەركووك و لەچەند بڵاوكراوەیەكدا دەردەكەوێت، تۆمار كرد”.
هاوكات، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكدا، ڕای گەیاندووە: “دیارترین ئەو كردەوە تیرۆریستییانەی ئەبوو حەمزە كوردی لێیان بەرپرسە، دیلكردنی 21 ئەفسەر و پێشمەرگەی كوردستان بووە، كە دواتر وێنەیان تۆمار كرا و لە بەرگێكی پرتەقاڵییەوە لەناو شاری مووسڵ، بە ئۆتۆمبێل دەیانسووڕاندنەوە”.
ئاماژە بەوەش دراوە، كە دادگا دانپێنانەكانی ئەو تیرۆریستەی تۆمار كرد و هەموو ڕێكارێكی یاسایی بەپێی مادەی 1/4 لە یاسای دژە تیرۆر، بەرامبەری گیراوەتەبەر.