سێ هاونیشتیمانی لە دەڤەری بەرواری باڵا بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا شەهید بوون

 

لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای ئەو هەفتەیە فڕۆکەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی گەشتیاری و مەدەنی سنوری پارێزگای دهۆکی بۆردوومانکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە گوندی (گیرکا)ی ده‌ڤه‌رى بەرواری باڵا، بەهۆی بۆردومانى فڕۆکەکانی تورکیا سێ هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا.

نەشوان حسێن، بەڕێوبەری ناحیەی سەرسنگ رایگه‌ياند، سێ هاووڵاتی نیشتەجێی گوندی (ئەرەدنا)ی سەر بە ناحیەی سەرسنگ، بە ناوەکانی رەمەزان محەمەد رەحیم، ئیسماعیل حەسەن قەپلان و دلۆڤان ساڵح حوسێن، لە کاتی چوونیان بۆ گوندی (گیرکا)ی سەر بە ناحیەی کانی ماسى لە دەڤەری بەرواری باڵا، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ گوندەکە گیانیان لە دەستدا.

گوندی گیرکا دەکەوێتە پشت چیای مەتین و ناوچەیەکی شاخاوییە، گوندەکانى ئەو ناوچەیە بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی فڕۆکەکانی تورکیا چەندین ساڵە چۆڵ کراون، بەڵام هاووڵاتییان چ بۆ راوکردن یان هێنانی بەرهەمی سرووشتی، ماوە ماوە دەچنە ئەو گوندانە و فڕۆکەکانی تورکیا بە بیانووی هەبوونی بارەگاکانی پەکەکە ناوچه‌كه‌ بە به‌رده‌وامى بۆردومان دەکه‌ن.

Back to top button