كه‌ركوك :حه‌شدی شه‌عبی زه‌وییه‌كانی شاره‌وانى و كشتوكاڵ و دارایی و وه‌رزش و لاوان داگیر ده‌كات

خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر رێگا خۆشده‌كات بۆمیلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی له‌ كه‌ركووك، كه‌ دیمۆگرافیای شاره‌كه‌ بگۆڕن و كورد له‌ پۆسته‌ حكومیه‌كان دوور بخه‌نه‌وه‌و عه‌ره‌ب و توركمان له‌ جێگه‌یان دابنرێت و فشار بخرێته‌ سه‌رهاوڵاتیانی كورد كه‌ ماڵه‌كانیان به‌ جێ بهێڵن و عه‌ره‌ب هاورده‌ی شاره‌كه‌ بكه‌ن ،به‌م دواییانه‌یش له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ چه‌ندین دۆنم زه‌وى به‌سه‌ر چه‌كداره‌كانیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن .

ئه‌میره‌ زه‌نگه‌نه‌، ئه‌ندامی خولی پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، ڕایگه‌یاند: “ئیداره‌ و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازى له‌ كه‌ركووك بێ ده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی و ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ هاووڵاتییانی عه‌ره‌ب و توركمانی شیعه‌، زه‌ویی حكوومى داگیر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى ته‌عریبدایه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێژه‌ى عه‌ره‌ب له‌ سنوورى كه‌ركووك زیاد بكرێت، بۆیه‌ زه‌ویى حكوومه‌ت داگیر ده‌كه‌ن و خانووى له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها زه‌ویى بازرگانیشیان داگیر كردووه‌. هه‌روه‌ها نفوس و فۆرمى خۆراكیشیان ده‌گوزانه‌وه‌. خێزانى عه‌ره‌ب و توركمانی شیعه‌ى وا هه‌یه‌ چوار پارچه‌ زه‌ویى وه‌رگرتووه‌ و زه‌وییه‌كانیش موڵکی وه‌اره‌ته‌كانى شاره‌وانى و كشتوكاڵ و دارایی و وه‌رزش و لاوانه”.

ئه‌ندامه‌كه‌ی خولی پێشووى په‌رله‌مانى عێراق گوتیشی : “ڕێژه‌یه‌كى زۆری خانوو له‌لایه‌ن عه‌ره‌ب و توركمانه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ له‌ سنوورى كه‌ركووك و له‌سه‌ر زه‌ویى ده‌وڵه‌ت و به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕۆیی دروست كراوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ برایه‌كى راكان سه‌عید، پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك، كارى تایبه‌ت به‌ دابه‌شكردنى ئه‌و زه‌وییه‌ زیاده‌ڕۆیانه‌ دەکات، ئه‌مه‌ش له‌ غیابی یاسادا. له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ كورده‌كان له‌سه‌ر زه‌وى و زارى خۆیان ده‌رده‌كرێن، كه‌ خاوه‌نى تاپۆى ڕه‌شن و عه‌ره‌به‌كان دێننه‌ سه‌ری، ئه‌مه‌ش ناحه‌قییه‌كى گه‌وره‌یه‌”.

به‌ پێی زانیارییه‌كان “میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى سه‌پێنراوی كه‌ركووك ڕێكه‌وتوون كه‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ی ستراتیژی و بازرگانین داگیری بكه‌ن ، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ى (احتفالات)ی كه‌ركووك، هه‌روه‌ها (ڕێگاى به‌غدا) و چه‌ند شوێنێكى تر، دواتر زه‌وییه‌كان به‌ چه‌ند بازرگانێكی عه‌ره‌ب و توركمان ده‌فرۆشن و پاره‌ی زه‌وییه‌كانیش له‌ نێوان راكان سه‌عید پارێزگای سه‌پێنراوی كه‌ركوك و به‌رپرسانى میلیشیای حه‌شدى شه‌عبی له‌ كه‌ركووك دابه‌ش ده‌كرێت، حه‌شدى شه‌عبی له‌ چه‌ندین گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌ى جیاجیای كه‌ركووك، به‌ تایبه‌ت له‌ باشوورى شارى كه‌ركووك سه‌دان پارچه‌ زه‌وییان داگیر كردووه‌ و به‌شێك له‌و زه‌وییانه‌ش كراون به‌ خانوو”.

Back to top button