رۆژنامەیەكی جیهانی: سەرەرای سزاكانی ئەمریكا, ئێران نزیك بۆتەوە لە گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی

لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایەوە, سزاكانی دژ بە ئێران خستە واری جێبەجێكردن, رۆژنامەیەكی جیهانی بە پشت بەستن بە چەند بەڵگەنامەی نهێنیی هەواڵگیری ئیسرائیل لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە هەوڵێكیدا ئەوە دەردەخەن كە تاران پێش رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، زۆر نزیك بووە لەوەی چەكی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.

دەیڤد ئەلبرایت، زانای بواری فیزیا و سەرۆكی پەیمانگای نێودەوڵەتی زانست و ئاسایش لە واشنتن پێیوایە، ئەگەر بێت و ئێران هاوشێوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنامە ئەتۆمییەكە بكشێتەوە و دەست بەكارەكانی پێشووی بكاتەوە، ئەوا لە ماوەی چەند مانگێك دەتوانێت ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.

ئەلبرایت كە ئێستا خەریكی توێژینەوەیە لەسەر بەڵگە ئاشكراكراوەكانی ئێران، بە گۆڤاری فۆرین پۆڵەسی گوتووە، ئەگەر ئێران پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی دەستپێبكاتەوە، لە ماوەی 7 بۆ 12 مانگ دەبێتە خاوەنی ئەو چەكە.

كاتێك جۆن كیری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریكا و جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رێككەوتنەكەیان واژۆكرد لە ساڵی 2015، ئێران دوو مانگی بەس بوو بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، بەڵام وەك مەرجێكی رێككەوتنەكە، دەبوو ئێران ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆمەكانی لەكاربخات و 97%ی سوتەمەنی ناوەكییەكەشی بۆ دەرەوەی وڵات بگوازێتەوە.

ئەلبرایت ئاشكرای دەكات، ئێران بەجۆرێك لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی نزیكە، كە رێكخراوی وزەی ئەتۆمی جیهانی هەرگیز پێشبینیان نەكردووە، ئەوەی ئیسرائیلیش ئاشكرایكرد بەشێكە لە زانیارییەكان، ئێران رۆژانە هەنگاوی نوێتر دەنێت.

بێنیامین نەتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لەكاتی ئاشكراكردنی بەڵگەكان، داوای لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا كرد لە رێككەوتنامە ئەتۆمییەكە بكشێتەوە و سزای ئێران بدات، ئەمەش وای لە جەواد زەریف كرد بڵێت، ئەو بەڵگانەی ئیسرائیل بێ بنەمان و تەنها مەبەست لە پشتیان هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەیە.

فۆرین پۆڵەسی ئاشكرایكردووە، حەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێستای ئێران لە نەوەدەكانەوە كاری بۆ پێشخستنی پرۆگرامی ئەتۆمی كردووە، ئەمەش وادەكات، ئاسان نەبێت بڕوا بەوە بكرێت كە رۆحانی دەستی لە پرۆگرامە ئەتۆمییەكان هەڵگرتبێت.

ئەلبرایت هاوڕێ لەگەڵ ئۆلی هێینۆین، جێگری پێشووی بەڕێوەبەری زامنكردنی سەلامەتی لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە راپۆرتێكدا دەڵێن: “پرۆگرامەكە و چەند چالاكییەك تا ئەمڕۆ بەردەوامە، ئەوەی پێویستی بە وەڵامێكی خێرا هەیە ئەوەیە، كەلوپەل و ماددەكانی ئەو پرۆگرامە لە كوێدا حەشاردراون؟”.

لای خۆیەوە، ئەلێكساندرا بێڵ، بەرپرسێكی پێشووی ئیدارەی ئۆباما لەبارەی ئاشكراكردنی بەڵگەكانی ئیسرائیل سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران رایگەیاند: “تاران لە رابردوودا درۆیكردووە و پابەندی رێككەوتنامە ئەتۆمییەكە نەبووە، نابێت ئەو بەڵگانە تەنها لە میدیاكان نیشان بدرێن، بەڵكو دەبێت لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت”.

ئێستا ئەمەریكا لەو رێككەوتنامەیە هاتۆتە دەرەوە و سزاكانی سەر تارانی گەڕاندۆتەوە، بەڵام پرسی دەسخستنی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، هێشتا ئاسۆیەكی روونی نییە و متمانەش لەو بارەیەوە زۆر كەمە.

Back to top button