ئەنجومەنی باڵایی دادوەری عێراق: لێكۆلینەوە لە بارەی تەڕبوونی 7 ملیار دینار لە بانكی رافیدەین دەستپێكراوە
دوای ئەوەی بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند بە هۆیی باران بارینی چەند رۆژی رابردوو 7 ملیار دینالا لە بانكی رافیدەین تەڕبووە, هەوالەكە كاردانەوەی لێكەوتەوە لە لایەك موقتەدا سەدر داوای كرد, ئەوانەی هۆكاری فەوتانی پارەكە بوون سزا بدرێن, و لە لایەكی تر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، لێكۆڵینەوەی لە فەوتانی 7 ملیار دینار لە بانكی رافندەین دەستپێكردووە.
دادوەر عەبدولستار بەیرەقدار، گوتەبێژی فەرمی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 2018 رایگەیاند، دادگای رەسافە دەستی بە لێكۆڵینەوە لەو بابەتە كردووە و رێكاری یاساییش بەرامبەر ئەوانە دەگرێتەبەر، كە لە رووداوەكە كەمتەرخەمبوونە.
بەیرەقدار دووپاتیشی لەوە كردووە، ئەو رووداوە تاوانە و هەموو ئەوانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، كە دەستیان لە ئەنجامدانیدا هەبووە.
پێشتر عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرای كرد، بەهۆی دزەكردنی ئاو و بارانی بەخوڕ، لە ساڵی 2013 نزیكەی 7 ملیار دیناری عێراقی (زیاتر لە 6 ملیۆن دۆلار)، لە ناوچووە.
ئەو لێدوانەی عەلی عەلاق، مشتومڕی زۆری لە شەقامی عێراقی درووست كردووە و هاووڵاتییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تووڕەیی خۆیان دەردەبڕن.
هاووڵاتییانی عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش وێنەی 10 هەزار دینارییان بڵاوكردووەتەوە، كە دەستكاری كراوە.
10 هەزار دیناری عیراق، وێنەی زانای عەرەبی، حەسەن بن هەیسەمی لەسەرە و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستكارییان كردووە و ئامێری هەڵمژینی ئۆكسجینی بۆ دانراوە.