شێخ جەعفەر: بە هەموو هێزەكانی عێراق بە بێ پێشمەرگە ناتوانرێت ئەمینەتی ناوچە داگیركراوەكان بپارێزرێت

ئەوەی كەركووك و چەند ناوچەیەكی كوردستان لە لایەن حەشدی شەعبی داگیركرا بە هۆی خیانەتی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەر, لە ئێستادا دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە بە هۆی گەڕانەوەی داعش ناجێگیرەو فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێ، بە هەموو هێزە عێراقییەکان ناتوانن، بە بێ پێشمەرگە ئەمنییەتی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بپارێزن.
شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندوە: “کاتێک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەوروبەری کەرکووک و خانەقین و ئەو ناوچانەدا بوو، تەنیا چەند کردەوەیەکی بچوکی تیرۆریستی کراوە، بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵەدا کە ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا نەماون، بە پێی داتاکان نزیکەی ٨٠٠ کردەوە بە ھەموو جۆرەکانییەوە ئەنجام دراون، ئەوەش مانای وایە کە بۆشاییەکی گەورەی ھەیە، ھێزەکانی حەشد، سوپا، پۆلیسی فیدراڵیش ناتوانن ئەمنییەتی ئەو ناوچانە بپارێزن”.
شێخ جەعفەر گوتیشی: “ئەو ھێزانەی کە ئێستا لەو ناوچانەن جگە لەوەی دەستدرێژی، تاڵانکردن، سەرانە، کوشتن و بڕین بە ناوی داعشەوە دەکەن، توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشیان نییە“.
ڕاشیگەیاند: “لە دوای پاشەکشەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە و ناوچانەدا، ئێستا ئەمنییەتیان پارێزراو نییە و داعش کۆنتڕۆڵی تەواوی لەسەر ناوچەکان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزە عێراقییەکان تەنیا مەگەر بتوانن سەنگەرەکانی خۆیان بپارێزن ئەوەش ئەگەرە”.
ئاشکراشی کرد: ”ئەو ھێزانە پەیوەندیان بە ھێزی پێشمەرگەوە کردووە، بۆ ئەوەی کاتێک داعش ھاتە سەریان پێشمەرگە بە هانایانەوە بچێت ، واتە ئەوەندە داڕوخاون“.
شێخ جەعفەر مستەفا، سەبارەت بە چارەسەر و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت: ”بۆ چارەسەرکردنی پێویستمان بەوەیە ئەمنییەتی ناو شارەکان بە ھێزە ناوخۆییەکان وەک پۆلیسی و ئاسایشی جا ھی یەکێتی، یان پارتی، یان ھەرێمی کورستان بسپێرین، ھەروەھا بۆ دەرەوەی شارەکان لە نێوان سوپا و ھێزی پێشمەرگە و بەھەماھەنگی ھێزی ھاوپەیمانان ژووری ئۆپەراسیۆن دروست بکرێت، بەم شێوەیەش دەتوانین ھەم ئەمنییەتی شارەکان دەپارێزین، ھەم داعش تێکدەشکێنین، بەڵام بەم جۆرە نەبێ بەدڵنیاییەوە بە ھیچ شێوەیەک نە داعش دەشکێت“.
ڕوونیشیکردەوە”داعش ژمارەی زۆرە و بەرنامەیان ھەیە و دەتوانن شارو شارۆچکەکانیش بگرن، بەڵام ڕەنگە پاراستنی بۆیان قورس بێت بۆیە ئەگەر ھەموو ھێزە ئەمنییە عێراقییەکان بھێنی بۆ کەرکووک و ئەو ناوچانە بە بێ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، ئەمنییەتیان پێ دابین ناکرێت، ھێزی پێشمەرگە ھەم ئەزموونی ھەیە و ھەم خەڵک متمانەی پێیەتی”.