یەكێتی: حەشدی شەعبی رێگا نادات بارەگاكانمان لە قەرەتەپە بكەینەوە

 

دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەر, حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران كەركووك بەشێكی بەرفراوانی خاكی كوردستانی داگیركرد, لەگەڵ ئەوەی ناوچەكان رووبەرووی تەعریب كردن بونەتووە, تا ئێستا رێگا بە كردنەوەی بارەگای حزبە كوردیەكان بە یەكێتیشەوە كە بەشێك بووە لە تەواو كاری داگیركردنی ئەو ناوچانە نەدراوە, بەر پرسێكی یەكێتیش دەلێت:”هەرچەندە حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە بە كردنەوەی بارەگای حزبە كوردییەكان لە سنوری پارێزگای دیالە، بەڵام تا ئێستا هێزەكانی حەشدی شەعبی رێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەو ئامادە نین هێزەكانیان لەناو بینای ئەو بارەگایانە بكشێننەوە”.

محەمەد حاجی عومەر لێپرسراوی كۆمیتەی قەرتەپەی یەكێتی رایگەیاندووە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆن و هێزەكانی پۆلیس و هەروەها پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ئاگاداری ئەم بڕیارەن و رەزامەندن بە كردنەوەی بارەگای حزبە كوردییەكان لە ناحیەكانی قەرەتەپەو جەلەولاو سەعدیە و مەندەلی، بەڵام تا ئێستا هێزەكانی حەشدی شەعبی ئاستەنگن لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەو بینای ئەو بارەگایانە چۆڵ ناكەن و داوای رەزامەندی دەستەی حەشدی شەعبی دەكەن لەو بارەیەوە.

ئەو بەر پرسەی یەكێتی گوتیشی: “مەڵبەندی خانەقینی یەكێتی نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی دەستەی گشتی حەشدی كردوەو داوای كردووە كە هێزەكانیان لەناو بینای بارەگای حزبە كوردییەكان بكشێننەوەو بۆ ئەوەی بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی فیدراڵی دەست بەكاری حزبی خۆیان بكەنەوە لەو ناوچانەدا”.

لێپرسراوی كۆمیتەی قەرتەپەی یەكێتی دەشڵێت: “كردنەوەی بارەگای حزبە كوردییەكان لەو ناوچانە، رۆڵی باشی دەبێت بۆ رەواندنەوەی ترس و نیگەرانی هاووڵاتیانی كوردی ئەو سنورە و هاوكات دەبێتە جۆرێك لە ئارامی و دڵنیاییش بۆیان لەم بارودۆخەدا”.

Back to top button