پارتی : سه‌قامگیری كوردستان به‌ هه‌موو لایه‌ك درووست ده‌بێت

كۆبونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان وبزوتنەوەی گۆڕان لەگردی زەرگەتە كۆتایی هات و دوای كۆبونەوەی نێوان شاندی دانوستانكاری پارتی وگۆڕان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوته‌بێژی پارتی و گۆران ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌یان بۆ رای گشتی خسته‌ ڕوو .

شۆڕش حاجی گوته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆران رایگه‌یاند:” دانیشتنێكی تێرو تەسەلمان كرد و هاورێیانی پارتی پێیان خۆشە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لەپێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات و ئێمەش تێبینی و سەرنجی خۆمان بەبرایانی پارتی راگەیاند”.

گوته‌بێژی گۆران گوتیشی :” هەردولا بیرورامان گۆڕییەوە لەسەر تێبینی وسەرنجی یەكتری تێگەیشتین و ئەمە یەكەمین كۆبونەوەیەو كۆبونەوەی تریشی بەدوادا دێت بۆگەیشتن بەئەنجامێك كەلەبەرژوەندی خەڵكی كوردستان بێت”.

لای خۆیه‌وه‌ مه‌حموود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت :” له‌ دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كار بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و به‌ڵینانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستانیان داوه‌ و سه‌قامگیری كوردستان به‌ هه‌موو لایه‌ك درووست ده‌بێت و له‌و سۆنگه‌یه‌ش به‌ یه‌كه‌وه‌بوونی لایه‌نه‌كان كۆمه‌ڵێك ئامانجی گه‌لی كورد دێنێته‌ دی”.

گوته‌بێژه‌كه‌ی پارتی گوتیشی: “سه‌ردانی ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ین ویستی به‌شداریكردنییان هه‌یه‌ له‌ حكوومه‌ت، ئه‌وانه‌ی بڕیاری به‌شدارینه‌كردنییان داوه‌ شتێكی دیكه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ گۆڕان قسه‌مان له‌ باره‌ی حكومڕانییه‌كی سه‌رتاسه‌ری كوردستان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی ئابووری و چاكتركردنی بژێوی خه‌ڵكی كوردستان”.

Back to top button