بەرەی تورکمانی: بەشداریمان لە حکومەتی عێراق پێ بکەن، ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک

 

دوای ئەوەی بەهۆی خیانەتی یەکێتی لە۱٦ـی ئۆکتۆبەر کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیرکرا، ئێستا حەشدی شەعبی و گرووپە شیعیەکانی نێو حەشد لەهەولی شاربەدەرکردنی کوردن، ئامادەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک نین، بەرەی تورکمانیی عێراقیش رایدەگەیەنێت، بە مەرج ئامادەن بەشداریی گفتوگۆکانی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بکات.

 

ئەمڕۆ شەممە 17/11/2018، حەسەن تۆران، سەرکردەی بەرەی تورکمانیی عێراقی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاندووە، حزبەکەی داوا لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات گرنگیی بە بەشداریکردنی تورکمان لە حکوومەتی نوێی عێراق، بدەن.

 

حەسەن تۆران هەروەها رایگەیاند، ئەگەر گرگیی بە رۆڵی تورکمان لە حکوومەتی نوێی عێراق بدرێ و مافەکانیان پێشێل نەکرێ، ئەوا بەرەی تورکمانی ئامادەیە بەشداریی گفتوگۆ و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکات.

 

پێشتر ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی رایگەیاندبوو، کە کورد کێشەی لەگەڵ بەشداریکردنی تورکمان لە حکوومەتی نوێی عێراق نییە، بەڵام لایەنە شیعە و سوننەکان ئامادە نین نوێنەری تورکمان قبوڵ ناکەن.

 

بەپێی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، دەبوایە حکوومەتی ئەو وڵاتە بارودۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکاتەوە و راپرسییەک لەو ناوچانە بکرێ، کە ئایا خەڵکەکەی دەیەوێ بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان یان سەر بە عێراق بێت؟ بەڵام حکوومەتەکانی عێراق هیچ گرنگییەکیان بەو ماددەیەی دەستوور نەداوە و پێشێلیان کردووە.

Back to top button