عادل عەبدولمەهدی هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوە دەكات
لەگەڵ ئەوەی هەمیشە بەوە ناسراوە كە نامەی دەست لە كاركێشانەوەی لە گیرفاندایە, وا چاوەڕواندەكرێت كە چوارساڵی داهاتووی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەگەری هەیە نەتوانرێت بەكۆتا بێت و سەرۆك وەزیران دەست لەكاربكێشێتەوە, لە یەكەم هۆشداریدا عادل عەبدولمەھدی نامەیەكی بۆ لایەنە سیاسییەكان ناردووە، ئەگەر ملێملانێ و ناكۆكییەكانیان لەسەر پۆستە وەزارییەكان بەردەوام بێت و رێكنەكەون، دەستلەكار دەكێشێتەوە, پەرلەمانتارێكی پێیوایە، هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوەكەی سەرۆكوەزیران ئەگەرێكی بەهێزە و قسەیەكی جددییە.
بەشێك لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام یەكلاكردنەوەی ئەو هەشت وەزارەتەی ماوە كێشەی قووڵی له نێوان لایەنە سیاسییەكان دروست كردووە، لە نێویشیاندا ناكۆكیی نێوان یەكێتی و پارتی زەقتركرد, لە بارەی ململانێكان عادل عەبدولمەھدی هۆشدارینامەیەكی بۆ لایەنە سیاسییەكان ناردووە، ئەگەر ملێملانێ و ناكۆكییەكانیان لەسەر پۆستە وەزارییەكان بەردەوام بێ و چارەسەری نەكەن و رێكنەكەون، دەستلەكار دەكێشێتەوە.
هۆشداری نامەكەی عەبدولمەهدی بۆلایەنە سیاسییەكان تائێستا بەفەرمی بەدەست پارتی و یەكێتی نەگەیشتووە, كوردیش دەڵیت زیاتر رووی دەمی لە لایەنەكانی دیكەی عێراقە نەك كورد.
پرسی رێككەوتن و چۆنییەتی پێكهێنان كابینەی نوێی هەرێمی كوردستان نەبووەتە بەشێك لە كێشە و ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی، ئەوەی لە نێوانیاندا هەیە تایبەت بە پۆستەكانیان لە بەغدا بەگوێرەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن, بەپێی خاڵبەندی كورسی بێت یەكێتی وەزارەتی بەرناكەوێت، بەڵام سوورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتێك له حكوومەتی عێراق, ئیتر دەمێنێتەوە هۆشدارینامەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەچەند رۆژی داهاتوودا چی لێ سەوز دەبێت.