بارهەڵگر و لوغمی سەرەڕێ
كاك عەلی باپیر بە میدیای توركی گوتووە: ریفراندۆم وەك تڕێلە و بارهەڵگرێكی گەورە بوو كە تایەی پایسكلی لەژێر بوو، بۆیە شكستی خوارد.
سەیر و عەجایبە كەسێك گوایە سوور زانیبێتی تڕێلە بە تایەی پایسكل بەڕێوەناچێ و كەچی بەشداری تێداكردبێ و دەنگی بۆ دابێ و بە خەڵكیشی گوتبێ (روداو و رۆژێكی مێژوییە و دەبێ هەموتان دەنگی بەڵێی بۆ بدەن)، ئەگەر نیفاق پێناسەیەكی هەبێت، لەمە زیاتر نییە.
كاروانی خەباتی نەتەوەی كورد گەر بە تایەی پایسكل بەرێوەچووبا، سەد ساڵ بەرگەی ئەو هەموو دوژمنكاری و ئاگر و ئاسن و ئەنفال و كۆمەڵكوژی و داگیركارییەی نەدەگرت و دەمێك بوو لە كاروان بەجێمابوو، دەمێك بوو لە ناوچووبوو.
خەباتی نەتەوەی كورد بارهەڵگرێكی بارگرانە بەڵام لەسەر تایە و پایەی بەهێزی رەوایی دۆز و داواكانی بەرێوەدەچێت و بۆیەش سەرسەخت و بەرگەگرە. خەوش و عەیب لە تایەكانیدا نییە، بە درێژایی مێژوو تا بەئەمڕۆ دەگات، ئەوەی نەیهێشتووە كاروانی كورد بگاتە مەنزڵ، ئەو مین و لوغم و ئاستەنگانەن كە ناپاك و خائینان و مونافیقانی نێوخۆ لە سەر رێی دادەنێن، سەبەبكار ئێوەن نەك تایەی لاواز.
پاشان بە كام پێوەر ریفراندۆم شكستی خواردووە، بەوەی كە ناحەز و داگیركەران پشتیان نەگرت و دژی وەستانەوە؟ مەگەر پێوەری سەركەوتنی ریفراندۆم ئەوەیە دوژمن و ناحەز پشتیوانی بن و چەپڵەی بۆ لێدەن و پیرۆزبایی لێبكەن؟ بە كام لۆژیك داگیركەر پشتی ئازادیی بندەستەكەی دەگرێت؟.
تێكۆشان بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی نیشتمانی، شەرەف و شكۆیەكی ئەوەندە مەزنە، بە ئاسانی خوا بە نسیبی هەر كەسێكی ناكات، بۆیەش هەرگیز مونافق و ترسنۆك و بودەڵەكان نەبوونەتە بەشێك لە هەڵگرانی ئاڵای ئەو خەباتە سەخت و پیرۆزە.
ئەوانەی مێشك و بیر و ئەندێشەیان داگیركراوە و تام لە پاشكۆیەتی و بچوكی و كۆیلەیی ئەم و ئەو دەبینن، لە ناخی ناخەوە رقیان لە ئازادی و ئازادیخوازانە، چونكە لە نیعمەتی سەركزی و بەكەم رازیبوون و سەرسەلامەتی مەحرومیان دەكات.
سەبەبكاری بەختی تاری كورد نە لە رابردوو و نە لە ئێستا و نە لە داهاتووشدا، تایەكانی ژێرمان نین، بەڵكو لوغمەكانی بەر پێمانن.