وەزیری ناوخۆیی فەرەنسا: لە خۆپیشاندانەكان زیاتر لە چوارسەد كەس بریندار بووە

 

دوای ئەوەی بە هۆی زیادكردنی باج لەسەر سوتەمەنیەكان لە فەرەنسا شوفێرانی ئەو وڵاتە دوو رۆژە دەستیانكردووە بە خۆپیشاندان, لە ئەنجامی بەریەككەوتنی پۆلیس و خۆپیشاندەر وەزیری ناوخۆی فەرەنسا برینداربوونی 400 هاووڵاتی خۆپێشاندەری لە كاتی ناڕەزاییەكانی دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی راگەیاند.

كریستۆڤ كاستانێر وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بەمیدیاكانی راگەیاند لەمیانی خۆپێشاندانەكاندا 409 كەس بریندار بوون، برینی 14 كەسیان سەختە.

گوتیشی خۆپێشاندانەكان برینداربوونی 28 ئەندامی پۆلیس و هێزەكانی ئاگركوژێنەوەی لێ كەوتووەتەوە.

بەقسەی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، خۆپێشاندان لە دوو هەزار شار و لادێ و ناوچەی وڵاتەكەدا ئەنجام دراوە و زیاتر لە 287 هەزار كەس بەشدارییان تێدا كردووە، 282 كەسیش لەنێو خۆپێشاندەران دەستگیر كراون.

لە دوێنێوە خۆپێشاندانێكی جەماوەری فەرەنسای گرتەوە لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە وڵاتەكەدا، جگە لە بریندارەكان، خۆپێشاندەرێكی ئافرەتیش گیانی لەدەست دا. چاوەڕوان دەكرێ لە سەرەتای ساڵی نوێوە نرخی هەر لیترێك بەنزین بەبڕی 2,9 سەنت بەرز بێتەوە و 6,5 سەنتیش دەچێتە نرخی هەر لیترێك دیزل.

Back to top button