وەزارەتی بەرگری عێراق لە شێوەی موزایەدە مامەلەی پێوە دەكرێت تا ئێستا 30 ملیۆن دۆلاری پێدراوە
دوای ئەوەی لەكاتی راگەیاندنی كابینەی نوێی عێراق بە هۆیی ناكۆكیەكان لەسەر چەند وەزارەتێك نەتوانرا كۆی كابینەكە رابگەیێندرێ, لە ئێستا مامەلە بە چەند وەزارەتێك دەكرێت بە تایبەت وەزارەتی بەرگری, سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی ئاشكرای دەكات، نرخی پۆستی وەزارەتی بەرگری گەیشتووەتە 30 ملیۆن دۆلار و كەسایەتییەكی سووننە ئەو پارەیە دەدات ئەگەر ئەو پۆستەی پێبدرێت.
وێبسایتی “الغد پرێس”ی عێراقی بڵاویكردووەتەوە، ململانێكی ناوخۆی سووننەكان لەسەر پۆستی وەزارەتی بەرگری بەردەوامە و گەیشتووەتە ئاستێك، وەكو بۆرسە نرخی ئەو پۆستە بەرز دەبێتەوە و ئێستاش كەسایەتییەكی سووننە 30 ملیۆن دۆلار دەدات ئەگەر پۆستەكە وەربگرێت.
ئەو سایتە عێراقیە لە زاری سەرچاوەیەك، كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، دەڵێت: “كەسایەتییەكی ناسراوی عێراقی، 30 ملیۆن دۆلاری داوە بۆ ئەوەی ببێتە كاندیدی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگری عێراق، لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی”.
بە گوێرەی وێبسایتەكە، سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، وڵاتانی قەتەڕ و توركیا، نێوەندگیری بۆ ئەو كەسایەتییە دەكەن، بەڵام ناوی ئەو كەسایەتییەی ئاشكرا نەكردووە.
لەلای خۆیەوە، عەبدولڕەحمان لوەیزی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە پارێزگای نەینەوا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، نووسیویەتی: “بۆ ئەوانەی سەریان سوڕماوە لە نرخی پۆستی وەزارەتی بەرگری كە گەیشتووەتە 30 ملیۆن دۆلار، ئایا دەزانن تەنها گرێبەستی خۆراكی سوپای عێراق، كە سەلیم جبووری لەگەڵ خالید عوبەیدی مامەڵەیان لەسەر كردووە، گەیشتووە 2 تریلیۆن و 300 ملیار دینار، ئەو بڕەش لە ملیارێك دۆلار زیاترە”.
لوەیزی ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەگەر سەلیم جبووری ببێتە وەزیری بەرگری، تێپەڕاندنی كڕینی هەمەرە سەربازییەكان دەخاتە كارنامەكەی، رێككەوتنی سەرۆك (وەك ئاماژەیەك بۆ جبووری)، كە قازانجەكەی دەگاتە 260 ملیۆن دۆلار؟ ئەی گرێبەستی خواردەمەنی سوپا دەداتە كێ؟ كە بڕەكەی 2 تریلیۆن و 300 ملیۆن دینارە؟”.