مەسرور بارزانی پێشوازیی لە بەڕێوەبەری رێكخراوی جی ئێس ئێم ئێس جی دەكات
بەمەبەستی ئاگاداربوون لە پڕۆژەی هاوبەشی رێكخراوی GSMSGی ئەمریكی, دەزگای خێرخوازیی بارزانی و زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك، رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆڕدی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز ئارۆن ئیپستن بەڕێوەبەری رێكخراوە ئەمریكییەكە كرد.
لە سەردانەكەدا باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆژەكەكرا و میكانیزمی بینینی نەخۆشەكان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری و راهێنانی پزیشكی لەلایەن پسپۆرانی بواری پزیشكی ئەمریكی خرایە ڕوو.
رێزدار مەسرور بارزانی سوپاسی رێكخراویی GSMSGی ئەمریكی كرد و هیوای خواست بتوانن كاریگەربن لە پێناو بنیاتنانی سیستەمێكی باشتری تەندرووستی لە كوردستاندا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی رێكخراوی GSMSG ، زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆك و وەزارەتی پێشمەرگە، پڕۆژەیەكی هاوبەشی تەندرووستی بەڕێوەدەبەن و لە پڕۆژەكەدا ٤٢ دكتۆر و پسپۆڕی پزیشكی ئەمریكی پشكنین و نەشتەرگەری بۆ نەخۆشانی كەمدەرامەت لە هەرێمی كوردستاندا دەكەن.