لە هۆڵەندا سمینارێك بۆ حسێن یەزدان پەنا رێكخرا, گۆرانكاریەكانی ناوچەكە باسیان لە بارەوەكرا

دوای ئەوەی شاندێكی وەزرەتی پێشمەرگە سەردانی هۆڵەندایانكرد, ئەمڕۆ لە شاری ئارنهێمی هۆڵەندا، سیمینارێك بۆ حوسێن یەزدان پەنا، سەرۆك و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی ئازادی كوردستان لەبارەی دوا گۆڕانكارییەكان و بارودۆخی كوردستان سازكرا و تیایدا باس لە دوا گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی كوردستان و ناوچەكە كرا.

لە سیمینارەكەدا ژمارەیەك لە كەسایەتی و سیاسەتمەدار و نوێنەری پارتە كوردستانییەكان ئامادە بوون. حسین یەزدان پەنا، پێكهێنانی بەرەیەكی یەكگرتووی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان بە گرنگ زانی، وەك ئامادەباشییەك بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا روودەدەن.

حسێن یەزدان پەنا، سەرۆك و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی(PAK) بە كوردستان24 گوت: “ئەو قەیرانەی ئێستا لەنێوان ئەمەریكا و ئێران ھەیە، دەرفەتێك بۆ كورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەخولقێنێ، بۆ ئەوەی بتوانێ مافەكانی بە دەست بێنێ”.

گوتیشی: “یەكێك لە كەموكوڕییەكانی ئێستای بزووتنەوەی كورد لە رۆژھەڵات ئەوەیە، ھێزە سیاسییەكان ھێشتا نەیانتوانیووە ببنە خاوەن بەرەیەكی یەكگرتوو، دەبێ كۆتایی بەو پەرشوبڵاوییە بھێندرێت، دەبێ بەرەیەكی یەكگرتوو وپێك بھێندرێت، ھەندێك ھەنگاوی سەرەتایی بۆ ئەم مەبەستە نراون”.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا، بە گرنگییەوە باس لەو دیدارەدەكات و بەپێویستی دەزانێت ئەو جۆرە كۆڕانە سازبكرێن بۆ شیكردنەوەی باروودۆخی كوردستان.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا دەڵێت: “كوردان لە تاراوگە بە رێژەیەكی باش بەشدارییان لەو سیمینارەدا كرد، زۆر گرنگە كە سەركردەكانی كورد سەردانی وڵاتان دەكەن و لە دیداری راستەوخۆدا ئەو پێشھاتانەی كە روودەدەن بە خەڵكی دەگەیەنن و وەڵامی خەڵك بدەنەوە، لەبەر ئەوەی زۆرجار زانیارییەكان چەواشە دەكرێن”.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و ئاماژەكان چاوەڕوانی گۆڕانكاری گەو‌رە دەكەن لە ناوچەكەدا و هەموو پارتە سیاسییەكانیش داوای یەكخستنی ماڵی كورد دەكەن.

Back to top button