ئێران لە ئەورووپا دەپاڕێتەوە لە سزاكانی ئەمریكا رزگاری بكات

 

دوای ئەوەی ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە پاشان بۆ دەست هەڵگرتن لە پیتاندنی یۆرانیۆم كۆمەلێك سزای بەسەر ئێراندا سەپاند, ئێستا ئێران لە ژێر فشاری توندی ئەمریكایە, چاوی لە وڵاتانی ئەوروپایە تا رزگاری بكەن لە سزاكانی ئەمریكا, رێككەوتنە ئەتۆمییەكەش وەك خۆی بمێنێتەوە.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “هەندێك گومان لە میكانیزمی پاراستنی بازرگانی ئێران لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە هەیە، بەڵام ئێمە گەشبینین بەوەی ئەوروپییەكان دەتوانن رێككەوتنەكە بپارێزن”.

یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت مێكانیزمێكی نوێ بەناوی (ئێس پی ڤی) بەكاربهێنێت لەگەڵ ئێران كە مامەڵەی نێوان هەردوولا بەبێ بەكارهێنانی دۆلار دەبێت، ئامانجیش لێی پاراستنی رێككەوتنامە ئەتۆمییەكە و پاراستنی بازرگانی نێوان ئێران و ئەوروپایە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی رۆیتەرز، یەكێتی ئەوروپا بڕیاریداوە لەم مانگەدا ئەو مێكانیزمە نوێیە پەیڕەو بكات، بەڵام تاكو ئێستا هیچ وڵاتێكی ئەوروپی ئامادە نییە ببێتە جێبەجێكاری ئەو میكانیزمە.

قاسمی لەوبارەیەوە دەڵێت: “ئێمە چاوەڕوان دەكەین بە زووترین كات ئێس پی ڤی جێبەجێبكرێت چونكە ئێران تا ئەو كاتە بەڵێنەكانی دەباتە سەر، وڵاتانی دیكەش رێز لە واژوەكانیان بگرن”.

كۆماری ئیسلامی ئێران چەند جارێك هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە ئەگەر بێت و بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی نەپارێزرێت، لە رێككەوتنامە ئەتۆمییەكە دەكشێتەوە.

Back to top button