حكومەتی هەرێم و بەغدا لە بارەی لابردنی خالە گومرگیەكانی ناوچە داگیركراوەكان رێككەوتن

دوای ئەوەی حەشدی شەعبی چەند خالێكی گومرگی لە نیوان ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان و هەرێمی كوردستان دانا, ئەو خالە گومرگیانە ناڕەزایەتی زۆری خەلكی ئەو ناوچانەی لێكەوتەوە چونكە راستەوخۆ كاریگەری هەبووە لەسەر گران بوونی بەهای كەڵ و پەلەكان, بۆ مەبەستی لاردنی ئەو خالە گومرگیانە, شاندێكی دەستەی گومرگی عێراق و بەرپرسانی گومرگ لە هەرێمی كوردستان گەیشتنە رێككەوتن بۆ لابردنی خاڵە گومرگییەكانی نێوانیان.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان, رایگەیاند “لەگەڵ شاندی دەستەی گومرگی رێككەوتنمان بۆ لابردنی خاڵە سنوورییەكانی نێوانمان واژۆكرد و بەرزمانكردووەتەوە بۆ ئەوەی حكومەتی ناوەندی جێبەجێیبكات و خاڵە گومرگییەكان هەڵبگرێت”.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان گوتیشی “ئەو شاندەی دەستەی گومرگی عێراق كە رێككەوتنمان لەگەڵ كردوون لە هەولێر دەمێننەوە تاوەكو پێناسێكی نوێی گومرگی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەنووسینەوە”.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو شاندی بەڕێوەبەراتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان و دەستەی گومرگی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە، سێ كۆبوونەوەیان لە بەغدا و هەولێر لەبارەی هەڵگرتنی خاڵەگومرگییەكان ئەنجامداوە و بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتووش پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسە بكات.

دوای كردنەوەی رێگەی كەركووك بۆ هەولێر، پارێزگاری كەركووك خاڵی گومرگی لەنێوان هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی بۆ كەركووك دانا. بەپێی دەستووری عێراقیش دانانی خاڵی گومرگی لەنێوان پارێزگاكانی عێراقدا رێگەپێنەدراوە.

Back to top button