ئاماژەكانی پشتی لێدان لە حزبی دیموكرات
ئەردەڵان هەڵەبجەیی
هێزەکانی پاراستنی شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران (حرس الثورﻱ), لە ٨ ی مانگی سێپتەمبەر لەڕێگەی چەند موشەكێكی درێژ مەوداوە بنكەی سەرەكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیان لە شاری كۆیە كردە ئامانج و لە ئاكامدا شازدە کەس شەهید و چلی دیكەش بریندار بوون.
هەر لە ساتێکی کەم پاش هێرشەکە بڵاوکراوە فەڕمیەکانی تاران ئاماژەیان بەوە کرد ئەو هێرشە موشەکیانە وەڵامدەرەوەی چالاکیە سەربازیەکانی حزبی دیموکرات بوون لەناوخۆی ئێران،بەڵام ئەو ئاماژە ڕۆژنامەییانە تەنها دیوێکی بابەتەکە بوون،چونکە ئەو هێرشە موشەکیانە لەو بارودۆخەدا زیاد لە خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێت.
ئەگەرچی حزبی دیموکرات بە جموجۆڵەکانی لە ناوخۆی ئێران نیگەرانی قوڵی دروست کردووە بەڵام خۆ پێشتریش ئەو چالاکیانە هەبون و کاردانەوەکان بەو ئاستە نەگەیشتون،ئەدی بۆ لەو کاتەدا ئەو کاردانەوە توندەی ئێرانی بەدوادا هات؟
پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەکە،ئەوە ئاشکرایە کوردانی ڕۆژهەڵات خاوەن فکرو تێڕوانینێکی نمونەیین،جیا لەوەش دژی جەنگ بوون،پێش ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداری دژی دەسەڵاتی ئێستا.
هەر لە ساڵانی سەرەتای شۆڕش کوردان لەو بەشەی کوردستان دیالۆگیان هەڵبژارد،بەڵام دەسەڵات دەیویست ئەنجامی دیالۆگ بەخواستی ئەو بێت،کە بریتی بوو لە خۆبەدەستەوەدانی کورد لەو بەشەو تواندنەوەی لەناو نەتەوەی باڵادەست،کە نەتەوەی فارس بوو،دوای بێهیوا بوون لە دیالۆگ یان ڕونتر بڵێین داوای خۆبەدەستەوەدانی کورد،ڕابەری شۆڕش ئایەتوڵا خومەینی جەنگی دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی لەژێر ناوی (جەنگی پیرۆز) ڕاگەیاندو دەسەڵاتی نوێ لە تاران بە دڕندانە پەلاماری ناوچە کوردیەکانی دا،لەسەرەتادا هێزەکوردیەکان چەندین ساڵ ناوچەکانیان پاراست بەڵام دوای سەرپێکەوتنی دەسەڵات لە تاران و نابەرابەری هێزو نەبونی پشتیوانی،کوردانی ناچار بە کشانەوەو گۆڕینی شێوازی خەبات کردەوە لە سەربازیەوە بۆ خەباتی دبلۆماسی و سیاسی لە دەرەوە،لەگەڵ بەرەنگاربونەوەی سنورداری چەکداری ناوەناوە.
دواتر حیزبی دیموکرات هەوڵێکی نوێی داو لەڕێگەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاوە فشارەکانی خستەوە سەر حکومەت،ئەم هەوڵانە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ تاران،چونکە بزوتنەوەی جەماوەری لە ڕۆژهەڵات کەوتە ژێر کاریگەری بزوتنەوە سیاسیەکەی ڕۆژهەڵات و لەو ڕوەوە چەندین دەستەو ڕێکخراو دروست بوون کە بونە فشار لەسەر دەسەڵات و داوای مافەکانیان دەکرد،هەر لەو ڕووەوە حزبی دیموکرات چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکان داوای مانگرتنی کردو هاونیشتمانیانیش بەدەم داواکەوە چون و ئەوەش بۆ ئێرانیەکان ماناو لوغزی خۆی هەبوو.
لە لایەکی دیکە و بە ڕوانین لە شوێن و کاتی هێرشەکە دەبینین ئێران زیاد لە مەسجێکی هەبوە لەو هێرشانە لەوانە;
۱ـ سەلماندنی تواناکانی لە بەئامانجگرتنی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە لە ئەگەری بیرکردنەوەیان لە لێدانی ڕاستەوخۆ لە تاران.
۲ـ وەڵامێک بۆ دەزگای مۆسادیئیسرائیل کە لە ڕاپۆرتە سەربازیەکانیدا وەک گاڵتەجاڕی بە تواناکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردبوو کە لە سوریا ئێرانیەکان لە کۆی موشەکەکانیاندا کە بۆ لێدانی داعش لە ۱٨ ی حوزەیران لە دیرزوور بەکاریان هێناوە,تەنها یەک دانەیان ئامانجی پێکاوە وئەوانی دیکە تا ئێستا نازانرێت ڕوەو کوێ ئاڕاستە کراون!!
۳ـ پەیامی سێیەمیش ئاگادارکردنەوەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و سعودیە بوو بەوەی کە لە ڕێگەی حەماس و حوسیەکانەوە دەتوانین لەو پێگە ستراتیجیانە بدەین کە ئێوە پێیتان وا بوو دەستمان پێی ناگات.
ئێستا سیانەی ( تەلئەبیب ـ واشنتۆن ـ ڕیاز) لەو پەیامانە باشتر دەگەن و دەشزانن ئێران زیاتر لە هەرکات مەترسیدارترە،بەڵام ئایا وەڵامی ئەو سێ پایتەختە بۆ تاران بێدەنگبونە یان ناوچەکە لە سەر لیواری گۆڕاکاری گەورەدایە؟
ئایا ئێران بەو پەیامانە تەمەنی سیستەمە سیاسیەکەی خۆی درێژ دەکاتەوە یان کورتر؟
ئاماژەکان لە ئێستادا ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە ئەو هەنگاوەی تاران پێچەوانە بەسەریدا شکایەوەو وایکرد هەنگاوەکان بۆ فشارخستنە سەر تاران خێراتر بن و لە هەمان کاتیشدا خزمەتێکی گەورەی بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەو بەشە کرد لە لایەک بەوەی دەرگا داخراوەکانی ناوەندە سیاسیە جیهانیەکانی بەڕوودا کردنەوە لە لایەک و لە لاکەی دیکەشەوە بویە هۆکاری دروست بون یان ئاشکراکردنی پەیوەندیە توندو تۆڵەکانی تەلئەبیب ـپایتەختە عەرەبیەکان و فراوانتر کردنی بەرەی دژە تاران.