عادل عەبدولمەهدی: با ئەمریكا بڕیارمان بۆنەهێنن, چونكە جێبەجێیان ناكەین
دوای ئەوەی ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندن وا چاوەڕواندەكرا كە عێراق یەكێك بێت لەو وڵاتە پابەندانەی كە پێویستە سەرجەم بڕیارەكانی ئەمریكا جێبەجێبكات, سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ, ڕایگەیاند، حكوومەتەكەی ئامادە نییە ئەو بڕیارانەی ئەمریكا بەسەر عێراق دەیسەپێنێت، جێبەجێی بكات.
عادل عەبدولمەهدی لە دیدارێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی ئەكادیمی و میدیایی و هونەرمەند و وەرزشوان، ڕایگەیاند: “ئێمە ئێستا عێراقمان لە سووچێكی ڕاستدا داناوە، بۆیە بەشێك نابین لە سیاسەتی سزاكانی سەر ئێران”.
ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەگەر ئەمریكا سزا بەسەر وڵاتێكدا یان چەند كەسایەتییەكدا دەسەپێنێت، ئەوە تایبەتە بە خۆیەوە. گوتیشی: “بڕیارەكانی ئەمریكا بەرانبەر ئێران، نێودەوڵەتییە و ئێمە بەشێك نابین لە سیستمی ئەمریكی، هەروەك بەشێكیش نابین لە هێرشكردنە سەر وڵاتان”.
عادل عەبدولمەهدی، لە دیدارەكەیدا، گوتیشی: “ئێمە لە جەنگدا ناچینە پاڵ هیچ وڵاتێك، لایەنێكیش نین لە بەئامانجكردنی هەر لایەك كە لەسەر خاكی عێراقن بەپێی ڕێكارەكانی دەستوور”.
سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ، باسی لەوەش كرد، كە لایەنی ئەمریكی ولایەنەكانی دیكەشیان تێگەیاندووە، كە زیان بەهیچ وڵاتێك ناگەیەنن، گوتیشی: “بە لایەنی ئەمریكیش ڕادەگەیەنم، تكایە فەرمانمان بۆ مەهێنن، هیچیشتان لێ قەبووڵ ناكەین، ڕاستە عێراق لاوازە، بەڵام خۆی بەدەستەوە نادات”.