له كۆبوونهوهی سهرۆك بارزانی لهگهڵ فراكسیۆنی پارتی لهپهرلهمانی كوردستان چی باسكرا
ڕۆژی چوارشەممە 21ـی 11ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خولی پێنجەمی پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و تێیدا ڕۆشنایی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و هەروەها ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارلەمانی كوردستان و ڕایگەیاند كە بایەخی بردنەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق لەوەدا بوو كە سەنگ و پێگەی پارتی لەناو كوردستان و عێراق پێشانی هەموو لایەك دا و سەرباری بوونی كێشەو گرفتی زۆر و ئابڵۆقە و ڕووداوەكانی مانگی ئۆكتۆبەری 2017 بەڵام پارتی توانی ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق و ئەوە سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ پارتی و هۆكاری ئەو سەركەوتنەی بۆ هەڵوێستەكانی پارتی و وەفای گەلی كوردستان گەڕاندەوە بەرانبەر پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بردنەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان دەستی پارتی كراوە دەكات لەوەی كار بۆ كوردستانێكی بەهێز و گۆڕانكاریی بنەڕەتی بكات. سەرۆك بارزانی سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە دووبارە متمانەی بە پارتی بەخشیەوە و بە پێویستیشی زانی كە پارتی و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی لە پارلەمانی كوردستان لە ئاست متمانەی خەڵك بن و وەڵامی وەفا و متمانەی خەڵك بە خزمەتكردنی گەلی كوردستان بدەنەوە.
داوایشی كرد كە داواكاریی خەڵك بە هەند وەربگیرێت و لە ئێشوئازاری خەڵك بگەن و ئەندام پارلەمانەكانی پارتی خۆیان لە هەر جۆرە موزایەدەكردنێك بە دوور بگرن و لەو پەڕی تەوازوعەوە ئامانجی سەرەكیان كاركردن بێت بۆ چارەكردنی گرفتەكانی خەڵك.
لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێمی بەغدا سەرۆك بارزانی هیوای خواست كە نیازپاكیی تەواو هەبێت لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەمەڕ پابەندبوون بە هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و تەوافوق لە یاسادانان و تەوازون لە دامودەزگەی حكوومی. لەبارەی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو بارودۆخە و سەپاندنی ئەو واقیعە سەربازییەی ئێستا لەو ناوچانە هەیە پێویستە كۆتایی بێت و بەردەوامبوونی قابیلی قبوڵ نییە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەبارەی چۆنیەتیی كاركردنی فڕاكسیۆنی پارتی و هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی پارتی لەبارەی حكوومەتی ئاییندە و پڕۆسەی سیاسی سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو.