ناتوانرێ بارزانی بۆ شیتەڵکردنی ھاوکێشەسیاسیەکانی ناوچەکە فەرامۆش بکرێ

نیازحاجی

بارزانی ژمارەیەکی قورس و ئەو رێژە نەگۆڕەیە ھیچ کات ناتوانرێ بۆ شیتەڵکردنی ھاوکێشەسیاسیەکانی ناوچەکە فەرامۆش بکرێ ، ئەوەی لەناو سیاسەت و روئیا و عەقڵی بارزانی دا بوونی ھەیە ، جیایە لەوەی کە لەناو سیاسەت و عەقڵی پارتیدا بوونی ھەیە وەک حزب .

ھەموو ھەڵوێست و ھەنگاو و بڕیارێک لە لای بارزانیی بە پێوانەیە و پەیوەستن بەو تەوقیتە زەمەنیەی کە خۆی بڕیاری دەسپێکیان بۆ دەدات ، زۆر بەوردی ھاوکێشەسیاسیەکانی ناوچەکە و دیوی پشتەوەی ھاوکێشەسیاسیەکانی ناوچەکە دەخوێنێتەوە ، لە(کۆی) ئەو ھەموو ھاوکێشە زۆر و زەوەند و ئاڵۆزو و دژبەیەکەی کە لە ناوچەکەدا بوونیان ھەیە ، لە (کوێ) دۆزی کورد بەرەوپێش بڕوات ، بارزانی دۆزەکە لەوێدا دادەنێ .
لای بارزانی تەنھا شت کە جێی بایەخ و گرنگی پێدانە ، دۆزی گەلەکەیەتی ، ئەوانی تر بەلای ئەوەوە شتی لاوەکین !

ھەموو کات بارزانی تاکتیکی خستۆتە خزمەتی ستراتیژە نەگۆڕەکەی ، ھیچ کات ستراتیژە نەگۆڕەکەی نەخستۆتە خزمەتی تاکتیک و دەستکەوتێکی کاتی ، بۆیە سەرکەوتنەکانی درێژخایەنن و شکستەکانینیشی کاتین .
بارزانی سەرکردە و سیاسەتمەدارێکی کەمدووە ، مێژوو و روداوەکانی رابردوو سەلماندویانە کە زۆرترین بەرەوپێشەوەچوون لە دۆزی کورد، بارزانی بەبێدەنگی بەدەستی ھێناوە ، دوای روداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ، بێدەنگی و کەم دوویی بارزانی بووە عوقدەیەکی گەورە لای خیانەتکاران و دوژمنان و بووە جێگای ترس و دڵەڕاوکێی گەورە ، ھەر بەم بێدەنگیە توانی کوردستان لەگەورەترین پیلانگێڕی و ھەڕەشە دەربازبکات و پارتی بکاتە ھێزی یەکەمی سەر ئاستی عێراق و کوردستان لە دوو ھەڵبژاردندا ، لە ناو پاشەکشە و شکستی کاتیدا گەورەترین سەرکەوتنی خولقاند !

گەورەترین گورز ئەگەر بەدۆزی کورد کەوتبێ لە رابردودا ، لە بەغداوە بووە ، خیانەتکارانیش زۆربەی جارەکان لە بەغداوە تەیارکراون بۆ خیانەتکردن و گورز وەشاندن لە کورد ، لە رابردوشدا ئەوە سەلما کە غیابی پارتی لە بەغدا چ دەرفەتێک بۆ خیانەتکاران دەرەخسێنێت بۆ پاشەکشەپێکردنی دۆزی کورد ، حزور و بەھێزی پارتی لە بەغدا ھەناسەی خیانەتکاران تەنگ دەکات کە لەبەغداوە ھەڵیدەمژن .

پارتی مادام بڕیاری داوە کە لەبەغدا شەریک بێ ، دەبێ لەبەغدا گەورەترین حزوری ھەبێ ، ئەو حزورەش بەھێزتر دەبێ کاتێک بارزانی رۆڵی تێدا بگێڕێ ، گەورەترین بەڵگەش بۆ ئەو راستیە ئەوەیە کە ئەوەی یەکێتی و گۆڕان و ئەوانی تر بە سەرۆک کۆماریشەوە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو پێیان نەکرا سەبارەت بە بەشە بودجە ، وا خەریکە دکتۆر فواد حسین بە مانگێک بیکات ، ئەوەی ئەوان بە خیانەت و پیلانگێڕی بەسەر کورد و کەرکوکیان ھێنا ، وا خەریکە بارزانی بە بیدەنگی بە چەند مانگێک بیگەڕێنێتەوە !
لە ئایندەی نزیکیشدا سەرکەوتن و بەرەو پێشچونی گەورەتریش دەبینین ، با چاوەڕوان بین .

 

Back to top button