بەهۆی مەترسی گەڕانەوەی داعش بۆ موسڵ بە هەزاران كەس ئاوارە دەبن

 

دوای ئەوەی جموجۆلی داعش لە ناوچە كوردستانیە داگیركروەكان و موسڵ و ئەنبار زیادی كرد, سەرچاوە هەواگریەكان و سەركردە سیاسیەكانی عێراقیش هۆشداریان لەئەگەری گەڕانەوی داعش بۆ موسل و دەوروبەری دا, هاوپەیمانی قەراری عێراقی لە بەیاننامەیەك لەسەر بارودۆخی مووسڵ هۆشداری بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەدات و ئاشكرای دەكات، لەبەر ترسناكیی بارودۆخی مووسڵ، جارێكی تر خەڵك لە شارەكە ئاوارە دەبێتەوە.

هاوپەیمانی قەراری عێراقی كە هاوپەیمانییەكی سوننەیە لە بەیاننامەیەكدا باسی بارودۆخی ئێستەی مووسڵ دەكات و تێیدا هاتووە، “هێشتا شێوازە كۆنەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ مووسڵ دووبارە دەكرێنەوە، هێشتا دەزگا تەناهییەكان جۆراوجۆرن، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەناو جومگەكانی هەڕەشە لە كاری هاوبەش دەكات”.

لە بەشێكی تردا هاوپەیمانی قەرار دووپاتی دەكاتەوە، بارودۆخی مووسڵ لەدوای داعش هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەر نەهاتووە، ئەمەیش بە زەنگی ترسناكی دەزانێت.

دواتریش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئاوارەبوونی پێچەوانە دەستی پێ كردووە و خەڵك بەباشی دەزانن لە كەمپەكان بژین نەك بگەڕێنەوە شارەكەیان.

جیا لە هاوپەیمانی قەرار، شەوی رابردوو موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر و پاڵپشتی هاوپەیمانی سائیروون گوتی، “مووسڵ لە مەترسیدایە”.

شاری مووسڵ بە یەكێك لە شارە كۆنەكانی عێراق دادەنرێت، لە ساڵی 2014 رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەر ئەم شارە گرت و لە ساڵی 2017 شارەكە رزگار كرا.

Back to top button