عادل عەبدولمەهدی بۆ موقتەدا سەدر بۆم بسەلمێنە کڕین و فرۆشتن بە پۆستە وەزاریەکان دەکرێت هەڵوێست وەردەگرم
دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە موقتەدا سەدر لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی “تویتەر” بەگلەییەوە بۆ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی “ئەلفەتح”ی نووسیبوو كە كڕین و فرۆشتن بەوەزارەتەكانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكرێت، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق وەڵامی دایەوە.
د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند كە ئەگەر زانیاری پشتراستكراوەی دەست بكەوێ لەبارەی كڕین و فرۆشتنی پۆستەكانی حكوومەتەكەی، ئەوا حكوومەتەكەی لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا هەڵوێست دەنوێنێت.
سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق ئەمڕۆ لەمیانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا پرۆژەیەكی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی راگەیاند كە لە هەفتەی داهاتووەوە بەفەرمی ئاشكرا دەكرێ و پرۆژەكە بەشێوەیەكە خاڵ دەخاتە سەر وشەكان.