گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح نیگه‌رانی لای مه‌لا به‌ختیار دروست كردووه‌

 

ئەندامێكی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ده‌ڵێت: گه‌ڕانه‌ویی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتی نیگه‌رانی لای مەلا بەختیار دروست كردووه‌.

مستەفا چاوڕەش ئه‌ندامی سەرکردایەتی یەکێتی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی نیگه‌رانییه‌كانی مه‌لا به‌ختیار گوتی “مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کەمێک نیگەرانە لە حیزب، چەند جارێک لە ماڵەوە سەردانمکردووە، چەند جارێکیش پەیوەندیم پێوەکردووە و پێمگوتووە دامەبڕێ. هەروەها کۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیش سەردانی کردووە، بەڵام ئێستا دانیشتووە له‌ ماڵه‌وه‌ “.

سەبارەت بە هۆکاری نیگەرانییەکانی مەلا بەختیار، مستەفا چاوڕەش ده‌ڵێت: “هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و گەڕانەوەی بۆ نێو یەکێتی، بەشێک بوون لە نیگەرانییەکانی مه‌لابه‌ختیار”.

مستەفا چاوڕەش،ئه‌ندامی سەرکردایەتی وهاوکات ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی چواره‌می یه‌كێتی یه‌، ڕایگه‌یاند: “کاتی کۆنگرە هاتووە و دواکەوتووین، خەڵک و کادر پرسیاری کۆنگرەمان لێدەکەن و دەیان گەنج دایانناوە بێنە ناو سەرکردایەتی و هەندێکیشمان تەمەنمان بەسەرچووە و رەنگە بمانەوێ پشووبدەین، بەڵام کۆنگرە تەنیا بۆ ئەوە نییە هەر کەسە و کۆمەڵێک کەس بێنێت بۆ سەرکردایەتی و بیەوێ دەنگ کۆبکاتەوە، کۆنگرە بۆ دانانی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتییە، بەڵام تاوەکو کابینەی حکومەت پێکنەهێنرێت، یەکێتی کۆنگرە نابەستێ”.

مستەفا چاوڕەش ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی چواره‌می یه‌كێتی لەباره‌ی به‌شداری بەرهەم ساڵح له‌كۆنگره‌ی چواره‌م گوتی “بەرهەم ساڵح بەشداری لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دەکات، چونکە جێگری دووەمی سکرتێری گشتییە و ئێستاش وەکو جێگر مامەڵە دەکات”.

ململانێی توندی نێوان باڵه‌كانی یه‌كێتی گه‌یشتووه‌ته‌ لوتكه‌ ، به‌ڵام هه‌ر زوو باڵی ماڵباتی تاڵه‌بانی كه‌ دارایی یه‌كێتی و زۆربه‌ی ئۆرگانه‌ فه‌رمییه‌كانی دیكه‌ی یه‌كێتییان به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، پاش نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانی به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و حزبه‌دا گرت، باڵی ماڵبات توانی باڵه‌كه‌ی تر په‌راوێز بخات و یه‌كێتی بۆ خۆی قۆرخ بكات، به‌ڵام هێشتا دڵنیا نین كه‌ بتوانن له‌و قۆرخكردنه‌دا به‌رده‌وام بن و هه‌ر ترسی ئه‌وه‌یان له‌دڵدا ماوه‌ كه‌ دواى مام جه‌لال ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی له‌ ده‌ستیان ده‌رده‌چێت.

Back to top button