یهكێتی ئهوروپا داوای ئازادكردنی دهمیرتاش دهكهن
فێدریكا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا هیوادارە توركیا پابەندی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێت بۆ ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاشو “بەمزووانە” ئەو سەركردە كوردە ئازاد بكات.
توركیا ئەندامی دادگاكەیەو پێویستە پابەندی بڕیارەكە بێت، هەرچەندە ساڵێك زیاترە كورسیی توركیا لە دادگاكە خاڵییە، ئەوەش بە هۆكارێكی سیاسیی كە پەیوەندی بە پارتەكەی ئەردۆغانو بزوتنەوەكەی فەتحوڵا گولەنەوە هەیە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ۲۰ی ئەم مانگە بڕیارەكەی دەركردو داوای لە دادگای توركیا كرد ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، دادگای ئەوروپا پێیوایە، دەستگیركردنەكەی دەمیرتاش بە تۆمەتی تیرۆر هەوڵێك بووە بۆ “كرپكردنی دەنگی جیاواز.”
دەمیرتاشی تەمەن ٤۵ ساڵ، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، ماوەی ۲ ساڵە لە زیندانە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) كە توركیا بە “ڕێكخراوێكی تیرۆریستی” لە قەڵەمی دەدات.
هاوكات جێبەجێ نەكردنی بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاش، كاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتی ئەوروپا دەبێت كە بەهۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە توركیا بەتایبەت لە بەرامبەر سیاسەتمەدارو ڕۆژنامەنوسو چالاكوانان، ئەو وڵاتە ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند بووەتەوەو ئەوپرسانە یەكێكن لە دیارترین ڕێگرییەكانی بەردەم توركیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا.