توركیا پێنج ساڵ زیندانی بەسەر سەرنووسەری رۆژنامەی (ئازادیا وڵات)دا سەپاند

 

دوای ئەوەی دادگای توركیا سزای پێنج ساڵی زیندانی بەسەر هونەرمەد جانێ‌ دا سەپاند, ئەمڕۆ ، سزای پێنج ساڵ زیندانیكردنی بۆ رۆژنامەوانی كورد، ئیسماعیل چۆبان، سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی (Azadiya Welat) دەركرد.

بە گوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی زەمانی توركی، پێشتریش بە بڕیاری باری لە ناكاو، رۆژنامەی (Azadiya Welat)، داخراوە، دوێنێش فەرمانگەی حەوت لە دادگای كەتنی شاری ئامەد، بڕیاری پێنج ساڵ زیندانیكردنی بۆ ئەو رۆژنامەوانە كوردە دەركردووە.

وەك رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كردووە، تۆمەتی زیندانیكردنەكەشی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گوایە لە ژمارە 15ی رۆژنامەكەی لە ساڵی 2013، پرۆپاگەندەی بۆ “تیرۆریستان” كردووە.

دادگاكە روونیشی كردووەتەوە، چۆبان زنجیرەیەك هەواڵ و وتاری لە رۆژنامەكەیدا بڵاوكردووەتەوە، كە “وەك پرۆپانگەندە بۆ تیرۆریستان” دادەنرێت.

لە دوای هەوڵی كودەتا سەربازییەكەی تەممووزی 2016، توركیا زیاتر لە 116 دەزگای راگەیاندنی داخست، لەوانەش ئاژانسێكی هەواڵی، 18 كەناڵی تەلەڤزیۆنی، 22 رادیۆ و وێستگە، 50 رۆژنامە و 20 گۆڤار.

لای خۆیەوە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی “ئەمنیستی”، داوا لە توركیا دەكات سنوورێك بۆ پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ دابنرێت، كە بەناوی “ئاسایشی نەتەوەیی” زیاتر لە 50 هەزار كەس لە زیندانەكانن و زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەری كەرتی گشتی، لە كارەكانییان دەركراون.

Back to top button