کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی پڕدەستکەوت و باش دەبێت

کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و پێیوایە خەڵکی عێراق لە چەند مانگی داهاتوو لە دەرەنجام و دەستکەوتەکانی ئەو سەردانە سوودمەند دەبن.

سەعدوڵڵا مەسعودیان کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی ڕایگه‌یاند: سەردانی بەڕێز بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی پڕدەستکەوت و باش دەبێت، چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەلای ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە گرنگە، هەرچەندە پەیوەندییەکی گەرموگوڕتر لەنێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و سیاسەتوانی هەبێت، بەدڵنیاییەوە دەبێتە مایەی ئارامی لەم وڵاتەدا “.

كونسوڵی ئێران له‌ سلێمانی ده‌شلێت :” پێشوازی زۆر باشی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەڕێز بارزانی و لێدوانە دڵگەرمکەرەوەکانی هەردوولایەن مژدەی داهاتوویەکی باش و ئارام و پێشکەوتوو بۆ عێراق دەدات. کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە چ لە کوردستانی عێراق و چ لە باشوور و ناوەندی عێراق، گرنگی بەوە داوە کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربکرێن. سوپاس بۆ خوا ئەم سەردانە زۆر گرنگ و باشە، دڵنیابین و دڵنیاشین کە خەڵکی عێراق لە ئەنجامەکانی ئەو سەردانە لە چەند مانگ و چەند ساڵی داهاتوو و بەرهەمەکانی سوودمەند دەبن”.

سه‌رۆك بارزانی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ۲۲ی۱۱ی۲۰۱۸ به‌یاوه‌ری شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە بەغدا و ژمارەیەك وەزیر و بەرپرس و ڕاوێژكارانی پارتی سه‌ردانی به‌غدادی كرد.

Back to top button